نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆككۆماری تازەی عێراق دەكات

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆكوهزیرانى هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، پیرۆزبایی لە (د. فوئاد مەعسووم) دەكات بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆككۆماری عێراق و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازێت، ئومێدی ئەوەش دهكات كە وەك سەرۆككۆمار تەواوی هەوڵی خۆی بدات بۆ پاراستنی دەستوور و ڕێگرتن لە پێشێلكردنی دەستوور و یاساكانی عیراق.
ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەكەی سەرۆكوهزیرانى هەرێمی كوردستانە:
بۆ بەڕێز د. فوئاد مەعسووم سەرۆككۆماری عێراق..
بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەك سەرۆككۆمار، لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
ئێوەی بەڕێز لە كاری سیاسی و هەروەهاش لە كاری بەڕێوەبردن و حكوومەتداریدا لە كوردستان ئەزموونێكی باشتان تۆمار كردووە، لەو چەند ساڵەی دواییشدا لە پرۆسەی سیاسیی عیراق و داڕشتنی دەستووری تازەی عیراق و ژیانی پەرلەمانیدا؛ وەك سەرۆكی پەرلەمانی ئینتیقالیی عیراق و سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی؛ ڕۆڵێكی بەرچاوتان هەبووە.
هیوادارین بتوانن بە شێوەیەكی تەواو دەستووری عێراق بپارێزن و هەموو ئەو پێشێلكارییانە ڕاست بكەنەوە كە بەرامبەر دەستوور ئەنجام دراون و لە ئەنجامدا پرۆسەی سیاسى و تەوافوقی نێوان لایەنەكان و پێكهاتەكانی عێراقییان تێك دا و ئەوەش شێوان و ئاڵۆزییەكی تەواوی لە عیراقدا دروست كردووە و ژیانی سەدان هەزار خێزان لە عیراق تێك چووە، ههروهها ڕێگەی بۆ گرووپە توندڕەوەكان خۆش كرد كە شوێنی خۆیان لە عیراقدا بكەنەوە.
هیوادرین ئێوە بتوانن پارێزەری مافی هەموو گەلانی عێراق بن كە ئەوەش لە پاراستنی دەستووری عێراقدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها بە زووییش هەموو ئەو پێشێلكارییانە نەهێڵن كە بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون؛ بە تایبەتی ئهو پێشێلكاریانهى ئەمساڵ دهرههق به گهلى كوردستان كراون.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكوهزیرانى هەرێمی كوردستان.
24ى تهممووزى 2014




