پۆڵۆنیا.. بڕیاری ڕاگەیاندنی هەڵمەتێكی میدیایی و خێرخوازی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی هەرێم درا

پۆڵۆنیا-KDP.INFO- لە دیداری نێوان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەترانی شاری كڕاكۆڤدا، بڕیاری ڕاگەیاندنی هەڵمەتێكی میدیایی و خێرخوازی بۆ مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و كریستیانەكان بە تایبەتی، درا.
بە مەبەستی وەڵامدانەوەی داواكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و بانگەوازی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و هەروەها ئەو ڕەوشە پـڕ لە تـراژیدیایەی كە بووە هۆی كۆچكردنی هاووڵاتییە كریستیانەكان لە شاری مووسڵەوە بەرەو هەرێمی كوردستان، ڕۆژی چوارشەممە 23ـی تەمموز چاوپێكەوتنێك لە نێوان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا (زیاد ڕەئووف) و مەترانی شاری كڕاكۆڤ (كاردیناڵ ستانیسڵاڤ جـیڤـیـش) ئەنجام درا.
لە چاوپێكەوتنەكەدا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا، بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ (كاردیناڵ) شی كردەوە. هەروەها هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەو دواییە نیشان دا. (زیاد ڕەئووف) تێڕوانینی سەركردایەتیی كوردستانیشی بۆ ڕوون كردەوە، كە بۆچی ئەو قەیرانە هاتووەتە كایەوە و ئەو ڕەوشە نالەبارە دووچاری كریستیانەكان بووەتەوە.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و دابینكردنی شوێنی حەواندنەوە و پاراستنی هاووڵاتیانی كریستیان كە كۆچیان بۆ هەرێم كردووە.
(زیاد ڕەئووف) لە ڕێگەی (كاردیناڵ)ـەوە داوای هاوكاریی ماددی و مەعنەویی لە گەلی پۆڵۆنیا بۆ برا كریستیانەكان كرد و لەگەڵ ئەو داوایەیشدا نامەی بانگەوازەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)ـی پێ دا.
(كاردیناڵ) زۆر بە بایەخەوە بۆ بابەتەكەی ڕوانی و پڕ بە دڵ هاوسۆزیی خۆی دووپات كردەوە نەك هەر تەنیا بۆ كریستیانەكان، بەڵكە بۆ تەواوی ئەو ناخۆشیانەی دووچاری عێراق و ناوچەكە هاتوون. دڵنیاییشی دا كە پەیوەندی بە گرنگترین كەسایەتییە ئایینییەكانی كـڵـێـسای كاتـۆلـیكـی لە پۆڵۆنیا و هەروەها لەگەڵ Caritasگەورەترین دامەزراوەی خـێـرخوازی لە وڵاتی پۆڵۆنیا، دەكات.
نوێنەری حكوومەت و (كاردیناڵ) وا ڕێك كەوتن كە پێكەوە هەڵمەتێكی ڕاگەیاندن و خێرخوازی بۆ مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوان ساز بكەن.
(زیاد ڕەئووف) لە لایەن خۆیەوە پـێـشـنـیـازی بانگهێشتكردنی لایەنی كوردستانیی كرد بۆ ئەو كۆنفڕانسە ساڵانەیەی (بە ناوی ڕۆڵی كـڵـێسـا لە پڕۆسەی لێكنزیككردنەوەی ئەورووپایی) كە لە لایەن (كاردیناڵ) خۆیەوە دێتە ڕێكخستن. داوایشیی لێ كرد كە دوو نوێنەری كریستیانی كوردستان و پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی كریستیانەكان لەگەڵ مەترانێكی كـڵـێـسـا بەشداریی كۆنفڕانسەكە بكەن.
ئەو كۆنفڕانسە ماوەی چواردە ساڵە هەموو ساڵێك بەڕێوە دەچێت و تێیدا سیاسەتوانانی پایەبەرزی ئەورووپایی و پیاوانی كـڵێـسا و سەرانی دەوڵەت و سەرۆكوەزیرانی وڵاتانی ئەورووپایی و هەروەها باڵیۆزان بەشداری دەكەن.
(كاردیناڵ)ـیش ئەو پێشنیازەی بە شتێكی باش زانی و ڕایگەیاند كە بە هاوكاریی یەكتر ئەو بانگهێشتنامەیە ڕێك دەخەن.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها داوای پشتگیریی لە (كاردیناڵ) و كڵێسای كاتۆلیكی كرد بۆ پشتیوانیكردنی سەربەخۆیی نەتەوەی كورد بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ئەو ناوچە پڕ لە ئاشتی و پێكەوەژیانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە تێیدا مۆزایكی نەتەوەیی و ئایینی بە سەركەوتوویی ژیان دەگوزەرێنن.
پێویستە بگوترێت، كـڵـێـسـای پۆڵۆنیا لە چاو ستانداردی ئەورووپایی ڕۆڵێكی زۆر بەرچاو لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی پۆڵۆنیادا دەگێڕێت.
(كـاردیناڵ سـتـانیـسـڵاڤ جـیـڤـیش) یەكێكە لە كەسایەتییە هەرە گرنگەكانی كـڵـێـسـای كاتۆلیكی لە پۆڵۆنیا، هەروەها كەسێكی خاوەن كاریگەرییە لە وڵاتی ڤاتیكان، بە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی 25 ساڵ یاریدەدەر و هاوكاری پاپای ڤاتیكان (جان پاڤێڵی دووەم) بووە.
ئامادەکردنی/ ئومێد پشدەری




