بەڕدەڕەش.. كەمپینێك بۆ پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا

بەڕدەڕەش-تایبەت بە kdp.info- لە سەنتەری شارۆچكەی بەڕدەڕەش، وەكو هەر شار و شاروچكەیەكی هەرێمی كوردستان كەمپینێك بۆ پشتیوانیی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ماوەی هەفتەیەك لە لایەن رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانەوە ڕاگەیەندرا.
سەرپەرشتیاری كەمپینەكە (كەیفوڵڵا یاسین) بە kdp.infoـی ڕاگەیاند، "ئێمەی خەڵكی بەڕدەڕەش خۆمان بە قەرزداری برا پێشمەڕگەكانمان دەزانین، بۆیە بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ورەی هێزەكانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ لە رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی شارۆچكەی بەڕدەڕەش، بە هاوكاریی مامۆستایان و قوتابیان و ئافرەتان و سەندیكای شازادە و سەندیكای هاوژین و سەندیكای سەفین و گرووپی ئاڵا و رێكخراوی یونیسێف، كەمپینێكمان بۆ ماوەی هەفتەیەك ڕاگەیاند".
(كەیفوڵڵا) گوتیشی: "كەمپینەكە لە سێ بەش پێك دێت، هاوكاریی ماددی و ناونووسینی كەسانی خۆبەخش كە توانای چەكهەڵگرتنیان هەبێت بۆ هاوكاریی هێزی پێشمەرگە لە كاتی پێویستدا، هەروەها خوێنبەخشینیش بەشێكە لە چالاكییەكانمان".
بە گوتەی ئەو، لە ساتی دەسپێكردنی كەمپینەكەوە خەڵكی بە جۆش و خرۆشەوە روویان لەو كەمپینە كردووە و بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی خۆیان بۆ برا پێشمەرگەكان دووپات دەكەنەوە.
نەشوان بەرزنجی




