جەلەولا.. پێشمەرگەیەكی دیكە بە قەنناس شەهید كرا

جەلەولا-تایبەت بە KDP.INFO- بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا دەڵێت، ماوەی چەند رۆژێكە لە جەلەولا تا رادەیەك شەڕ وەستاوە، بەڵام بە داخەوە شەوی رابردوو پێشمەرگەیەك بە قەنناس شەهید كرا.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا (كامەران محەممەد) بە KDP.INFOـی راگەیاند، ماوەی نزیكەی هەفتەیەكە شەڕ لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و داعشدا تا رادەیەك وەستاوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەو شوێنەی لە نزیك گەڕەكی وەحدە كە لەوێوە قەنناسەكان تەقەیان لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكرد، لە چەكدارانی داعش پاك كرایەوە.
(كامەران محەممەد) گوتیشی، "بە داخەوە شەوی رابردوو پێشمەرگەیەك بە ناوی (عەلی) كە خەڵكی جەلەولایە، لە نزیك گەڕەكی جەماهیر بە قەنناس شەهید كرا".
ڕوونیشی كردەوە كە ئەم بەیانییەیش لە نزیك حەمرین شەڕ لە نێوان چەكدارانی داعش و سوپای عێراقدا ڕووی داوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەكەوێتە سنووری شارەدێی سەعدییە، تاوەكو ئێستا زەرەر و زیانەكانی نەزانراوە.
بڵند ئیبراهیم




