یەکێتی هێشتا خۆی یەکلا نەکردووەتەوە... ڕەنگە، کۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێ

بەغدا-تایبەت بەKDP.INFO- پەرلەمانتارێکی کورد ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوە ھەیە بە ھۆی گرفتی یاسایییەوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت، بەڵام ئەگەر کۆبوونەوەکە ئەنجام درا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆ دەبنەوە و یەکێک لە دوو کاندیدیەکەی یەکێتی دیاری دەکەن و دەبێتە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان(ئاریز عەبدوڵڵا) بە kdp.infoی راگەیاند: "داواکاری ھەیە بۆئەوەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت، چونکە چەند گرفتێکی یاساییی ھەن، لەوانە ھەندێک لە کاندیدەکان هێشتا لەلایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە لێکۆڵینەوە لە ناوەکانیان نەکراوە، بۆیە ئەگەری ئەوە ھەیە کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت."
(ئارێزعەبدوڵڵا) نەیشاردەوە کە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هێشتا دوو کاندیدی ھەیە، بۆیە ئەگەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، ئێمە وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆ دەبینەوە و تێیدا یەکیک لەو دوو کاندیدە ھەڵدەبژێرین کە دەبێتە کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
لای خۆشیەوەپەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان (نەجیبە نەجیب) گوتی، "ئێمە لەئێستادا لە پەرلەمانین بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە سەعات11ی پێشنیوەڕۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت ئەگەری ئەوە ھەیە کۆبوونەوەکە دوابخرێت، چونکە کاندیدی سەرۆککۆمار پێویستی بە 219دەنگ ھەیە تاوەکو دەربچێت."
بڵند ئیبراھیم




