بەرپرسێك: ئەگەر شەراكەتێكی راستەقینە نەبێت لە بەغدا نامێنین

بەغدا-تایبەت بە KDP.INFO- بریكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند، "تاوەكو ئێستا ئێمە لە كارەكانی خۆمان بەردەوامین، بەڵام بڕیاری سەركردایەتیی كوردە ئەگەر شەراكەتێكی راستەقینە لە حكوومەتی عێراق نەبێت، ئێمەیش لە بەغدا نامێنین".
بریكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی عێراق (د. سەلام خۆشناو) بە KDP.INFOـی راگەیاند، "لە ئێستادا قوتابیی كورد لە بەغدا نەماون، بەڵام لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ هەڕەشەیان لێ دەكرا و هیوادارین بارودۆخەكە بەرەو باشتر بچێت تا ئەو كاتەی قوتابییەكان دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن لە بەغدا".
(د. سەلام خۆشناو) گوتیشی، "تاوەكو ئێستا ئێمە لە بەغدا دەوامی رۆژانەی خۆمان دەكەین و ئەگەر بارودۆخەكەیش باش نەبێت، نەك تەنیا قوتابیان، بەڵكوو ئێمەیش لە بەغدا نابین".
بریكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی عێراق ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا هەموو لایەك چاوەڕێی بارودۆخی سیاسی دەكەن، ئەگەر شەراكەتێكی راستەقینە هەبێت كورد لە بەغدا دەمینێتەوە و رەوشی خوێندنی كوردیش باشتر دەبێت.
(خۆشناو) زیاتر گوتی، "بڕیاری سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانە ئەگەر شەراكەتی راستەقینە نەبێت، ئێمەش لە بەغدا نامێنین".
ئاماژەیشی دا، "هەریەكە لە ئێمە بەپێی پێگەی خۆمان دەستەڵاتمان هەیە لە بەغدا و تاوەكو ئێستایش بەردەوامین لە دەوامی خۆمان، بەڵام پێویستە بەغدایش مامەڵەی خۆی بگۆڕێت".
بڵند ئیبراھیم




