ڕۆژهەڵاتناسێک: هەنگاوەکەی بارزانی بۆ راپرسی ڕاست و دروستن
__2014_07_22_h18m29s29__LB.jpg)
هەولێر-KDP.INFO- ڕۆژهەڵاتناسێک، دەربارەی دۆخی ئێستای عێراق و ستراتیژی (سەرۆک بارزانی) پێوەست بە مافی چارەنووس، دەڵێت، "کوردستان چەندین بژاردەی هەن، بەڵام بەڕێز (بارزانی) پێیوایە ئەمە کاتێکی گونجاوە بۆ زیادکردنی دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ئاست بەغدا، ئەویش لە ڕێی وروژاندنی پرسی دروستکردنی دەوڵەتەوە. ئەم شیکردنەوەیە شیکردنەوەیەکی ڕاست و دروستە."
لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان، بەڕێوەبەری توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرۆفیسۆر (یۆست هێلترمان) گوتى: "متمانە لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا هەولێر و بەغدا نەماوە و گەڕاندنەوەی متمانەیش کارێکی زەحمەتە، بە مەزەندەی من گەڕاندنەوەی ئەم متمانەیە پێویست بە سەرکردایەتییەکی نوێ دەکات لە بەغدا بێتە ئاراوە. بە هەمان شێوە، ئەگەر بیەوێت ئاشتی لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی عێراقدا بکات، ئەوا دەبێت هەرێمی کوردستان حیساب بۆ هەنگاوەکانی بکات لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان."
(یۆست هێلترمان) گوتیشی: "پێویستە لە ئێستادا ئامانجەکە بریتی بێت لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییە تاییفەگەرییەکان و گەڕاندنەوەی متمانە. مەسەلەی سەرەکی بریتییە لە پێکهێنانی حکوومەتێک لە بەغدا کە بە ڕاستی گشتگیر بێت و دەستەڵات دابەش بکات. من هیوادارم زۆر درەنگ نەبووبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. بەڵام هەوڵ و کۆششەکان بۆ پاراستنی یەکیەتیی خاکی عێراق پتر ئاڵۆز بوون."
ئەو پڕۆفیسۆرەهاوکات دەڵێت: "پێموایە دەبێت یاخیبووەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) وریا بن و زیاد لە سنووری توانای خۆیان ڕۆڵ نەبینن، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا کردیان. چونکە ئەوان تەنیا لە مەودای نزیکدا ئەو پشتیوانییەیان هەیە کە دەخوازن هەیانبێت و پێویستە هەیانبێت لە نێو سوننەکاندا. ئەوان ئێستا لەسەر ئەو ناڕەزایی و ناڕەحەتییە ڕاستەقینەکان دەژین کە پێویستە ئەمانەش لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن، ئەگەر بمانەوێت هەر جۆرە سەقامگیری و حکوومڕانیێک لەم ناوچەدا بێنە ئاراوە."
لە درێژەی دیدارەکەیدا پرۆفیسۆر (یۆست) دەڵێت: "کوردستان چەندین بژاردەی هەن، بەڵام بەڕێز (بارزانی) پێیوایە ئەمە کاتێکی گونجاوە بۆ زیادکردنی دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ئاست بەغدا، ئەویش لە ڕێی وروژاندنی پرسی دروستکردنی دەوڵەتەوە. ئەم شیکردنەوەیە شیکردنەوەیەکی ڕاست و دروستە."
فەرەیدوون ئیبراهیم




