قەیرانی دارایی چارە دەكرێت.. كۆتایی 2014 هەرێم یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردە دەكات

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، قەیرانی دارایی هەرێم لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك چارە دەكرێت، چونكە وەک ئەو دەڵیت لە كۆتایی 2014ـد هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردە دەكات.
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق (فازڵ نەبی) بۆ KDP.infoڕاگەیاند، پلانی سەربەخۆییی ئابووری زۆر دەمێكە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دانراوە، ڕاستە پێشتر بەغدا ڕەخنەیان لە سیستمی سیاسەتی نەوتی هەرێم دەگرت، بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە سیاسەتێكی سەركەوتووانەی پێڕۆ كردووە، بۆیە گرفتەكان قابیلی چارەكردنن، هەرچەندە ئەوەی ئێستا هەیە قەیرانی دارایی نییە، بەڵكە قۆناخێكە تێدەپەڕێت و هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو گرفتە بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك چارە بكات."
گوتیشی، "وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەكان ڕایگەیاندووە كە لە ئێستادا ڕۆژانە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانە دەكات، بەڵام ئەو ڕێژەیە گرفتەكە چارە ناكات، بۆیە دەكرێ ئەم گرفتە داراییە هەنگاو بە هەنگاو چارە بكرێت."
بە گوتەی (فازڵ نەبی) پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵدا هەناردەكردنی نەوت بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، لە كاتێكدا بۆ قۆناخی پێش یەك ملیۆن بەرمیل نەوت، ئەگەر ئەو ڕێژەیە لە 250 هەزارەوە بۆ 500 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە، ئەوا هەرێم بۆ دۆخی جارانی خۆی دەگەڕێتەوە، چونكە هەرێم لەگەڵ فرۆشتنی نەوت دەبێت پارەی هاوبەشەكانی نەوتیش بدات تا ئەو كاتەی 50%ـی ئەو هاوبەشییە لەگەڵ كۆمپانیاكاندا تەواو دەكات، بۆیە حكوومەتی هەرێم دەتوانێت ڕێككەوتنیان لەگەڵ بكات بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی درێژدا پارەیەكی كەمیان بداتەوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە بە 500 هەزار بەرمیل، ساڵانە دەتوانرێت بە قەبارەی چوار ملیۆن دۆلار هاوبەشیی كۆمپانیاكان بدرێت كە 16 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە و ئەمەیش خەرجیی كوردستانی پێ دابین و دەكرێ ساڵانەیش بڕی 9 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران دابین بكرێت.
دەربارەی بڕی ئەو پارەیەی كە حكوومەتی هەرێم قەرزدارە، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، "ئەوەی حكوومەتی هەرێم قەرزدارە جێگەی ترس نییە و بۆ حكوومەتی هەرێم هیچ نییە، چونكە نەوت دەردەهێنێت و هەروەها یەدەگی نەوتی هەیە، بۆیە لەوە دەچێت حكوومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كەمدا بتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە."
گوتیشی، "بە 500 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستان، سنووری ماددەی پێشووی 140ـیش دەتوانن لە مووچە سوودمەند بن، چونكە لە كوردستاندا 650 هەزار مووچەخۆر هەن، لە كاتێكدا مووچەخۆری هەموو ناوچە كوردستانییەكان بە نزیكەی 70 هەزار مووچەخۆر دەخەمڵێندرێت، ئەمەیش بارگرانییەكی زۆر لەسەر بودجەی كوردستان دروست ناكات، چونكە بەو بڕە نەوتە دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە."
(فازڵ نەبی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە سەربەخۆیی ئابووری گەورەترین هەنگاوە بۆ سەربەخۆبوون و سەركەوتنی هەرێمی كوردستان، چونكە سەربەخۆیی ئابووری، سەربەخۆیی سیاسییشە.
دەشڵێت، "لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری ئابووری و جیۆگرافی، كوردستان گرفتی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردیدا نییە، چونكە لە ڕووی ئابوورییەوە بەپێی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ 2014 هەرێم یەك ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانە دەكات، ئەوەیش پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە، لە ڕووی بەرژەوەندیی نێودەوڵەتییشەوە ئێستا وڵاتانی زلهێز هاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم ببەستن، ئەوەیش بە هۆی بوونی نەوت لە هەرێمی كوردستان و ئەو یەدەگە زۆرەی نەوت كە هەرێم هەیەتی."
فەرەیدوون ئیبراهیم




