٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکایەتیی هەرێم: گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی مۆڵەت لە كەس وەرناگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵە چەواشەکاریانەی مێدیاکانی سەربە دەستەڵاتدارانی بەغدا دژبە هەرێمی کوردستان ڕەت کردنەوە و ڕایگەیاند، "سەرۆكی هەرێم بە هیچ شێوەیەك سەردانی ئێرانی نەكردووە و سیاسەتی هەرێمی كوردستان و (سەرۆك بارزانی)-یش لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووسی گەلی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە كە گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی مۆڵەت لە كەس وەرناگرێت."

 

دەقی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

ماوەی چەند ڕۆژە هەندێ سایت و میدیای سەر بە دەستەڵاتدارانی بەغدا لە درێژەی چەواشەكارییەكانیان لەدژی هەرێمی كوردستان هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاو كردووەتەوە كە گوایە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێرانی كردووە و بەرپرسانی ئێرانی ناڕەزایەتیان بەرانبەر سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووس و چوونی پێشمەرگە بۆ كەركووك دەربڕیوە و چەند میدیاییەكی ناوخۆی كوردستانیش ئەم هەواڵە ناڕاستەیان لەوانەوە گواستووەتەوە.

لێرەدا بە گشت لایەك ڕایدەگەیێنین كە سەرتاپای ئەم هەواڵە دروستكراوە و دوورە لە ڕاستی و بەڕێز سەرۆكی هەرێم بە هیچ شێوەیەك سەردانی ئێرانی نەكردووە و سیاسەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانیش لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووسی گەلی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە كە گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی مۆڵەت لەكەس وەرناگرێت و پەیوەست بە قەیرانی عێراقیش، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە یارمەتیی خوشك و برایانی شیعە و سووننە بدات بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و لە هەمانكاتیشدا كار بۆ ڕێوشوێنە سیاسی و یاساییەكانی پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان دەكات.

د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

22ـی 7ـی 2014

هەواڵی پەیوەندیدار