وەزیری دارایی: پارەی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم نادەینە بەغدا

هەولێر-KDP.INFO- وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان (رێباز محەممەد حەملان) ئاشکرای دەکات كه، کار دەکەن بۆ ئەوەی پارەی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم سهدا 100 بۆ ھەرێم بێ نەک تەنیا سهدا 17ی ھەڵبگرنەوە، دەشڵێ رێوشوێنی ئیداریی و رۆتینیی نێودەوڵەتی ماوە و پاش جەژن ئەو کارە تەواو دەبێ.
(رێباز محەممەد حەملان) گوتی، لە ئێستادا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی سەرجەم پارەی ئەو نەوتەی ھەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیھانی تورکیایی دەکات، بۆ حکوومەتی ھەرێم گل بدەنەوە، پاش دەرھێنانی بڕەپارەی قەرزی کوێت و گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێم بە مافی خۆی دەزانێت سەرجەم پارەی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم بۆ خۆی گل بداتەوە نەک تەنیا سهدا 17ی بۆ خۆی ببات، چونکە حکوومەتی عێراق بە بڕینی بودجەی ھەرێم غەدرێکی گەورەی لە ھەرێم کردووە، بۆیە پاش جەژن رێوشوێنەکان تەواو دەبن و حکوومەتی عێراقیش بەو کارە ئاگادارە."
وهزیری دارایی ههرێم ئەوەش بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتووە، بە چارەکردن یان نەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، لە سەرەتای ساڵی نوێوە بە ھۆی ناردنی بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەرێم لە رۆژێکدا، بەشی ھەرەزۆری ئەو قەیرانە دارایییەی كه حەوت مانگە ھەرێم پێوەی دەناڵێنێ، کەم دەبێتەوە.
ئاشکرایشی کرد کە، حکوومەتی ھەرێم بەنیازە قەرزی دەرەکی بکات، بەڵام ھێشتا بە رەسمی داوای قەرزی لە ھیچ وڵاتێک نەکردووه و لهمبارهوه چەند وڵات و کۆمپانیایەکی دەرەکیش ئامادەیی خۆیان بۆ پێدانی قەرز بە حکوومەتی ھەرێم نیشان داوە.
وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێم (رێباز محەممەد حەملان) لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 400 ھەزار مووچە خۆر ھەن و ژمارەیەک خەڵکیش ھەن کە دوو موچەیان ھەیە. حەوت مانگە حکوومەتی عێراق بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە کە دهبوایه مانگانە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینار بنێرێ."




