دوای مەسیحییەكان، هەڕەشە لە كوردەكانی مووسڵ کرا

مووسڵ-تایبەت بە KDP.INFO- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، لە دوای مەسیحییەكان هەڕەشە لە كوردەكانیش كراوە ئەگەر ئەو شارەچۆڵ نەكەن، داعش دەیانكوژێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (داوود جنوبی) بە kdp.infoـی راگەیاند، دوای ئەوەی هەڕەشە لە مەسیحییەكان كرا و بەو هۆیەیشەوە مووسڵیان چۆڵ كرد، لە ئێستادا هەڕەشە لە كوردەكان دەكرێت ئەگەر ئەو شارە جێ نەهێڵن دەیانكوژن.
لای خۆیەوە بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان (سەعید مەموزینی) بۆ kdp.infoگوتی، ئەمڕۆ هەڕەشە لە 100 ماڵی كورد كراوە كە ئەگەر ئەو شارە جێ نەهێڵن ئەوە دەیانكوژن، بە بێ ئەوەی هیچ ماوەیەكیان بۆ دیاری بكەن، بۆیە رەنگە مووسڵ لە كورد چۆڵ بكرێت.
(مەموزینی ) زیاتر گوتی، لە دوای هەڕەشەكردن لە مەسحییەكان تاوەكو ئێستا 700 ماڵ ئەو شارەیان جێ هێشتووە و تەنیا 25 خێزان ماون و ئامادە بوون سەرانە بدەن، چونكە بەرژەوەندییان لەوێ هەیە.
ڕوونیشی كردەوە، هەر ئەمڕۆ لە مووسڵ لە گەڕەكی شوهەدا دوو هاووڵاتیی توركمانی شیعەمەزهەب لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندراون و تا ئێستایش چارەنووسیان دیار نییە.
ئاماژەیشی دا كە ئەمڕۆ داعش بڕیاری دا هەردوو بەشی هونەرەجوانەكان و یاسا لە زانكۆی مووسڵ دابخرێن، چونكە بە ڕای ئەوان ئەم دوو بەشە دژی شەریعەتی ئایینی ئیسلامن.
بڵند ئیبراهیم




