یەکێتی دەبێت تا بەیانی یەكلای بکاتەوە.. چوار لایەنەکە لە دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نیگەرانن

هەولێر-KDP.INFO- دەربارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوار لایەنەکە لەگەڵ یەکێتیی یشتیمانی کوردستاندا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(مەحموود محەممەد) ڕایگەیاند، "ئێمە لە دیاریكردنی دوو كاندید بە رەسمی نیگەرانین و داوامان لێ كردوون یەك كاندید دیاری بكەن، بۆئەوەی نوێنەرانی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەری لایەنەكانی تردا، بتوانن دەنگ بۆ ئەو دەستکەوت(ئیستیحقاق)-ە پەیدا بكەن."
(مەحموود محەممەد) کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکاندا نوێنەرایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی دەکرد، تایبەت بە KDP.INFOڕایگەیاند: "ئەم پۆستە ئستحقاقی نەتەوەیی كوردە، لە كوردیش بڕیار دراوە كە كاندیدێكی یەكێتیی نیشتیمانی هەبێت. هەڵبەت ئێستا یەكێتیی لە ناو خۆیاندا لە كاندیدێك زیاتریان دیاری کردووە، ئەوەش كێشە بۆ هەموولایەك دروست دەكات، چ وەكو كورد چ بۆ ئەو دۆستانەی كە لە ناو پەرلەمانی عێراقیدا هەمانن، گرفت بۆ ئەوانیش درووست دەبێت. بۆیە هەر چوار لامان لیژنەیەكمان پێك هێنا و لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا كۆ بووینەوە.. پێمان راگەیاندن كە ئێمە لە دیاریكردنی دوو كاندید بە رەسمی نیگەرانین و داوامان لێ كردوون یەك كاندید دیاری بكرێت، بۆئەوەی نوێنەرانی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەری لایەنەكانی تردا، بتوانن دەنگ بۆ ئەو دەستکەوت(ئیستیحقاق)-ە پەیدا بكەن."
پێنج لایەنەكە، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆ بوونەوە.
(مەحموود محەممەد) هاوکات ڕایگەیاند، "یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەبێت تا بەیانی ئەو بابەتە یەكلا بكەنەوە، چونكە دووسبەی، كۆتاییی مۆڵەتەكەیە و پێویستیشە ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە خەڵكی كوردستان دەبێت نوێنەری خۆی دیاری بكات و نەیخاتە بەر ڕەشەبای ئەوەی داخۆ دەنگ دەهێنێت یان دەنگ ناهێنێت"، زیاتر ڕوونی کردەوە "مەبستم ئەوەیە مادام هەموو لایەنە سیاسییەکان، ئەوانەی لە پرۆسەی سیاسیدان و لە پەرلەمان نوێنەریان هەیە، هەروەها لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕازین بەوەی كە كاندید لە ناو یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت، دەبێت یەکێتییش ڕەچاوی ئەو (ئیستیحقاقە) بكات بۆ ئەوەی كە كاندیدێك دیاری بكات تا ئەو كاندیدە بە ئاسانی بتوانێت دەنگ لە ناو پەرلەماندا بەدەست بێنێت و ببێتە سەرۆككۆماری عێراق."
دەربارەی زیاتر لە كاندیدیدێک بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە و، لایەنە نەرێنییەکانی، (مەحموود محەممەد) گوتی: "وێنایەکی جوان ناداتە دەرەوەی كورد لەسەر ئەم بابەتە.. كورد بە شێوەیەكی پەرت و بڵاو نیشان دەدات و جۆرێک لە تەنگەتاوی بۆ ئەو لایەنانە دروست دەبێت كە لەگەڵ ئێمەدا بە نیازی هاوپەیمانەتین، بۆ ئەوەی كە سەرۆككۆمار دەنگی پێ بدرێت، وەك چۆن بۆ سەرۆكی پەرلەمان ئێمە دەنگمان بە هەندێك خەڵك داوە، ئەوانیش دەنگ بە سەرۆككۆماری ئێمە بدەن.. ئەم بابەتە لەگەڵ یەکێتی زۆر بە ڕوونی باس كرا كە ئەم چوار لایەنە داوا دەكەن یەك كاندیدیان بۆ سەۆرككۆماری عێراق هەبێت."
سەبارەت بەوەی كە كاندیدی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ئەو پۆستە هەركەسێك بێت، ئەو چوارلایەنە هەڵوێستیان چ دەبێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(مەحموود محەممەد) گوتی: "گوتوومانە ئێوە وەكو یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان هەوڵی خۆتان بدەن كەسێكی شیاوی ئەو پۆستە دیاری بكەن، ئەوی تر هیچ حزب و لایەنێك كەسێكی دیاری نەكردووە، یان كەسێكی رەت نەكردووەتەوە."
لە کۆبوونەوەکەی ئهمڕۆی لایەنەکاندا، ئهندامی مهكتهبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان(مهحموود محهممهد)، ئهندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنهوهی گۆڕان(جهلال جهوههر)، ئهندامی مهكتهبی سیاسیی یهكگرتووی ئیسلامیی كوردستان(دكتۆر محهممهد ئهحمهد) و ئهندامی مهكتهبی سیاسیی كۆمهڵی ئیسلامی كوردستان(محهممهد حهكیم)، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ یهكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا، نوێنەرایەتیی حیزبەکانیان دەکرد.
سەرکەوت حەسەن




