٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مووچەیش دەخرێتە بەر باس.. سبەی پەرلەمان و حكوومەت كۆ دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- بڕیارە سبەی شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات، سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، "بۆ پیرۆزباییکردنە لە کابینەی نوێ و خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانیش دەخەینە بەر باس"، سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییش گوتی، "گفتوگۆ دەربارەی پڕۆژەیاسای كۆمسیۆن و هەروەها پڕۆژەیاسای بودجەی پارتە سیاسییەكانیش دەکەین."

سەرۆكی فڕاسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو) تایبەت بە kdp.infoـی راگەیاند، بڕیارە سبەی سەعات 9:30 خولەكی سەرلەبەیانی سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ دوو مەبەست سەردانی ئەنجوومەنی وەزیران بكەن، یەكەم: پیرۆزبایكردن لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و مەبەستی دووەمیش بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەردوو پڕۆژەیاسای كۆمسیۆن و پڕۆژەیاسای بودجەی پارتە سیاسییەكان دەبێت، كە ئەمڕۆ فڕاكسیۆنەكان لەسەری گەیشتنە رێككەوتن.

(خۆشناو) گوتیشی، "ئەوەی ئێمە وەكو فڕاكسیۆنی زەرد لە كۆبوونەوەكەدا باسی دەكەین، نزیكبوونەوەی جەژن و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانە".

لای خۆیەوە سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی (مەڕوان گەڵاڵی) كە خۆی سەرۆكایەتیی شاندی پەرلەمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەكات، بە kdp.infoـی راگەیاند، "سبەی سەردانی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بە مەبەستی پیرۆزبایكردن لە كابینەی نوێ و گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێك، لەوانەیش پڕۆژەیاسای كۆمسیۆن و هەروەها پڕۆژەیاسای بودجەی پارتە سیاسییەكان".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار