٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نۆ ئەندامی دەبێ... کورسی و مێژوو بنەمای بودجەی پارتە سیاسییەكانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم لە 9 ئەندام پێك دێت و شێوازی دەنگدانیش لەناو كۆمسیۆنەكە بە دوو جۆر دەبێت. (ئومێد خۆشناو) گوتیشی، بۆ پێدانی بودجەی حیزبەكانیش كورسیی پەرلەمان و مێژووی پارتی سیاسی و خولی هەڵبژاردن پێوەر دەبێت.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو) تایبەت بە kdp.infoـی راگەیاند، دوای چەند رۆژ لە گفتوگۆكردن لە نێوان كوتلەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەمڕۆ لەبارەی هەردوو پڕۆژەیاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ریفراندۆم و پڕۆژەیاسای بودجەی پارتە سیاسییەكان گەیشتنە رێككەوتن.

(ئومێد خۆشناو) گوتیشی، "ئەو دوو پڕۆژەیاسایە لە كارنامەی كۆبوونەوەی سبەیدا دانراون بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا پەسەندیان بكەین".

 سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم لە 9 ئەندام پێك دێت و شێوازی دەنگدانیش لەناو كۆمسیۆنەكە بە دوو جۆر دەبێت، جۆرێكی لەبارەی بڕیاری دارایی و گرێبەستەكان بە دوو لەسەر سێی دەنگ دەبێت و یاسای كۆمسیۆن و سیستەمی هەڵبژاردن و پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن واتا كاروبارە تەكنیكییەكان زیاتر لە نیوەی دەنگەكان دەبێت.

(خۆشناو) زیاتر گوتی، بۆ پێدانی بودجەی حیزبەكانیش كورسیی پەرلەمان و مێژووی پارتی سیاسی و خولی هەڵبژاردن پێوەر دەبێت.

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار