پشگیریكردن لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ستراتیژی حزبەكانی كوردستانە

هەولێر-KDP.info- پشگیریكردن لە سەربەخۆیی كوردستان، ستراتیژی حزبە كوردییەكانە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردیش جەخت لە مافی بەدەستهێنانی چارەنووسی خۆی دەكاتەوە.
سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان (كەرخی ئاڵتی بەرماغ) بۆ KDP.infoگوتی: "ئێمە پشگیری لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەین، چونكە هەموو خەبات و ماندووبوونی كورد لە پێناوی ئەم ئامانجەدا بووە، بۆیە ئێستا لە ناوەندە جیهانییەكان و دەرەوەی وڵاتیش باسی ئەوە دەكرێت چۆن ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنرێت، ئێستایش هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆبوون پێویستی بە پشگیری و پاڵپشتیی وڵاتان هەیە."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردووە كە یاسایەكی تایبەت بە كۆمسیۆن و دەستەیەكی تایبەت بە ڕیفراندۆم پێك بهێنرێت و ئەم هەنگاوەیش پشگیری زۆری لێ دەكرێت. ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان (نووری حەمەعەلی) بۆ KDP.infoدەڵێت: "ئێمە وەك گەلی كورد لە ماوەی سەدان ساڵی ڕابردوودا زوڵم و ستەممان لێ كراوە، ئێستا قۆناخێكی گرنگ و نوێ بۆ هەرێمی كوردستان هاتووەتە پێشەوە، بۆیە دەبێت بە وریایەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".
گوتیشی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك خەمخۆری گەلی كورد داوای لە پەرلەمان كردووە ڕێكاری یاسایی لەو بارەوە بگرێتە بەر و كار بۆ دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم لە سەرجەم كوردستاندا بكات كە ئەم هەنگاوەیش جێگەی دەستخۆشی و ڕێزگرتنە و پێویستە هەموو هاووڵاتییەكی كوردستانیش پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات، چونكە جیا لەوەی ئامانجی هەموو كوردە، لە هەمان كاتدا سەرجەم حزبەكان پشتیوانیی لێ دەكەن."
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان (زیرەك كەمال) بە KDP.infoدەڵێت: "بابەتی سەربەخۆیی كوردستان ئامانج و ستراتیژی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستانە و تێكڕای گەلی كوردستان پشگیری لە هەنگاوی سەربەخۆیی گەلی كورد دەكەن، كاتێك دەبینم ملیۆنان كورد دابەش بوون بەسەر وڵاتاندا و خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین، ئەو كاتە هەست بە برینداری و كەموكورتی دەكەم، بۆیە دەبێت وەك ستراتیژییەتێك هەموومان كار بۆ سەربەخۆیی بكەین، ئەوەیش لە پێناوی بەدیهاتنی خەونەكانماندا."
کارزان هەورامی




