٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باڵیۆزی فەلەستین: لەگەڵ سەربەخۆیی گەلی كوردستانین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.INFO-  باڵیۆزی فەلەستین لە هەولێر دەڵێت، "ئێمەی فەلەستینی لەگەڵ سەربەخۆیی گەلی كوردستان و ئەو گەلە ستەمدیتانەی دیكەیشین كە وەك گەلی فەلەستینی ئازاریان بە دەست سایكس پیكۆوە چەشتووە". دەشڵێت، " نابێ بەراوردی ئێمە و هەندێ وڵاتیش كە دەڵێن پشتیوانیی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەین، وەك یەك بكرێ. ئێمەی فەلەستینی و كوردستانی هاودۆزین و خاوەنی یەك ڕوانگەی پتەو و دیاریكراویشین."

دەربارەی دواڕووداوەكانی عێراق و ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان بە مەبەستی پاراستنی خاكی كوردستان، هاوكات مافی سەربەخۆیی گەلی كوردستان، كۆنسووڵی دەوڵەتی فەلەستین لە هەولێر (نەزمی حزووری) تایبەت بۆ KDP.INFOڕِایگەیاند، ئەوە ماف و ئەركی هێزەكانی پێشمەرگەیە سنوور و ناوچەكانی خۆی لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان بپارێزێ كە دەستوور بۆی دیاری كردووە. هەروەها گوتی، "پێشمەرگە بەشێكە لە سوپای عێراق و لەسەر مانگەوە نەهاتووەتە خوار و بەشێكە لە سیستمی فیدراڵی و بۆی هەیە سنوورەكانی خۆی لە مەترسییەكان بپارێزێ و ئاساییش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتیانی دەستەبەر بكات."

زیاتر گوتی، "لە ڕێگەی ئێوەوە (KDP.info) دەمەوێ ئاماژە بەو ڕۆڵە بكەم كە پێشمەرگە لە هاوكاریكردنی لێشاوی ئاوارەكاندا بینیویەتی و هەرێمی كوردستانیش بووە بە پەناگەیەكی ئارام بۆ عێراقییەكان بە پێكهاتە جیاكانییەوە و بێ ڕەچاوگرتنی ئایین و مەزهەب و تاییفەیان و جیاكاری لە نێوانیاندا نەكراوە، ئەوەی بشزانم ملیۆن و نیوێك ئاوارەی عێراقی لە هەرێمی كوردستانن و بە تایبەت وەك فەلەستینییەك لە سەرەتاوە ستاییشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان كرد لە بەهاناوەچوونی ئاوارەكان بە تایبەت ئەو 93 خیزانە كە ژمارەیان 365 كەس بوو، حكوومەت شوێن و كۆی پێداویستییەكانی بۆ دابین كردن و مافی مانەوەی لە هەرێم پێ دان. هاوكات سوپاسی سەرۆكوەزیران (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری ناوخۆ و هەموو ئەوانە دەكەم كە هاوكار بوون فەلەستینییەكان لە دۆخێكی پڕلە ئاساییش و سەقامگیردا نیشتەجێ بن."

(حزووری) دەربارەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانیش ڕاشكاوانە گوتی، "خەڵكانێك هەن دەڵین گوایە ئێمە لە شەرمەزاریمانە پشتیوانیی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەین، لێرەوە پێیان دەڵێین، ئێمەی فەلەستینی لەگەڵ سەربەخۆیی گەلی كوردستان و ئەو گەلە ستەمدیتانەی دیكەیشین كە وەك گەلی فەلەستینی ئازاریان بە دەست سایكس پیكۆوە چەشتووە."

كۆنسووڵی گشتیی فەلەستین تایبەت بەریتانیا و ئەمەریكا و جیهانیشی بە گشتی خستە بەر ڕەخنەوە كە بە هۆی سیاسەتی هەڵەیانەوە ئێمەیان خستووەتە دۆخێكەوە كە ئێستایە و ئەوە ئەوانیشن كە دەبێ قسەی خۆیان پێوەست بە هەردوو دۆزەكەوە هەبێ.

(نەزمی حزووری) ئاماژەیشی دا، "كوردستان نەتەوە و فەرهەنگ و زمان و كولتووری خۆی هەیە و پیوەندیێكی باشیشی لەگەڵ دەوروبەریدا هەیە، خواستی ئێمەی عەرەبیش، باشیی پێوەندیی وەهامان پی گرینگە و دژ بە ئەوانەیشین كە وا بڵاو دەكەنەوە كە عەرەب دژ بە كوردە، یان عەرەب لەبەر ئەوە و ئەمە هەڵوێست بەرانبەر بە گەلی كوردستان وەردەگرێت، ئەم جۆرە قسە و ورووژاندنانە ڕاست نین."

ئەو هاوكات دەڵێت، "پشتیوانیی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لە لایەن هەندێ دەوڵەتەوە كە وەك دروشم دەیڵێن، بێمانایە و بۆ نانەوەی ئاژاوەیە، ئەم جۆرە لێدوانانەیش ئێمەی فەلەستینی ناخەنە دۆخی شەرمەوە و بە ئاشكرا دەڵێین لەگەڵ مافی چارەنووسی گەلی كوردستانین، هەڵبەت پشتیوانی حەز و هەنگاوەكانی كوردین بۆ گەییشتن بە مافەكانی، ئەمە هەڵوێستی سەركردایەتیی فەلەستینیشە كە خوازیاری چارەكردنی دۆزی كوردە."

زیاتر ڕوونی كردەوە، "ئێمەی فەلەستینی بڕوامان بە دۆزی كورد هەیە، بڕوامان بە تێكۆشان و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگەكانی سەر چیا، نووسەر، ڕۆشنبیر و تێكۆشەرەكانی هەیە... كە لە پێناو نیشتیمانیاندا قوربانییان داوە. نابێ بەراوردی ئێمە و هەندێ وڵاتیش كە دەڵێن پشتیوانیی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەین وەك یەك بكرێ.. ئێمەی فەلەستینی و كوردستانی هاودۆزین و خاوەنی یەك ڕوانگەی پتەو و دیاریكراویشین و لەسەر ئەو بنەمایانەیشە پێوەندیی مێژووییمان هەیە كە ڕۆچووەتە دڵی گەلی فەلەستینی و گەلی كوردستانەوە، ئێمە ڕێز لەمە دەگرین و لامان بە نرخە و دەیشیپارێزین."

دیمانەکە لە بەشی عەرەبیی(KDP.info)-دا بڵاو بووەتەوە

 

سەرکەوت حەسەن

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار