٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی كوردستان: سەرزەنشتی هەموو هێرش و گوشارێك بۆ سەر مەسیحییەكان دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: "سەرزەنشتی هەموو هێرش و گوشارێك بۆ سەر هاووڵاتیانی مەسیحی دەكەین و بە شكاندن و بەزاندنی بەها و سنوورەكانی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروباوەڕ لە قەڵەمی دەدەین". داواكاریشە حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان، هاوكاریی ئاوارە مەسیحییەكان بكات.

ئەمەیش دەقی ڕاگەیەندراوەكەیە:

ماوەیەكە لە شاری مووسڵ و دەوروبەی هاونیشتمانیانی مەسیحی لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە كەوتوونەتە بەر هەڕەشە و گوشاری گۆڕینی بیروباوەڕی ئایینی و بە زۆر جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونیان، لە ئەنجامیشدا ژمارەیەكی زۆر خێزانی مەسیحی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە مەترسیدارانەدا پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی هەموو هێرش و گوشارێك بۆ سەر هاووڵاتیانی مەسیحی  دەكات و بە شكاندن و بەزاندنی بەها و سنوورەكانی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروباوەڕ لە قەڵەمی دەدات، لە هەمان كاتدا ئەم ڕەفتارانە تێكدانی ئەندازەی ڕەسەنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی شارەكەیە و تاوانێكی نەبەخشراویشە بەرامبەر بە پێكەوەژیانی ئاشتیانە.

پەرلەمانی كوردستان داواكارە حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان هاوكاریی ئاوارەكان بكات.

داواكارین لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاریكاریی ماددی و مەعنەویی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، كە بوونەتە پارێزەری سەرجەم پێكهاتە و ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی ناوچە كوردستانییەكان.

لە كۆتایشدا هیواخوازین ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات هاوكاریی مرۆیی بگەیەننە ئاوارەكان و لە خەم و ئازارەكانیان كەم بكەنەوە.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

20-7-2014

 

هەواڵی پەیوەندیدار