شاندی دانوستانكاری هەولێر و بەغدا بە تەلەفۆن ئاگایان لە یەکدییە.. دروستکردنەوەی هاوپەیمانیی كوردستانی گرینگە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەبێت لە بەغدا هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا هەبێت. دەشڵێت، ئێستا ئەندامانی شاندی دانوستانكاری هەرێم بە تەلەفۆن ئاگامان لە یەكدی هەیە، بۆیە داوا دەکات دەبێت لایەنێك هەبێت كۆیان بكاتەوە بۆ ئەوەی بۆچوونمان لەسەر ڕەوشی عێراق بخەینە ڕوو.
ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق (عادل نووری) بۆ KDP.infoگوتی: "وەك شاندی دانوستانكار هێشتا بەرنامە و كارەكانمان بەڕێوە دەبەین، بەڵام لە دوای ڕووداوەكەی مووسڵەوە بە شێوەیەكی فەرمی كارەكانی لیژنەكە كەم بوونەتەوە، چونكە وا بڕیار بووە لە دوای دانیشتنی یەكەم لە دانیشتنی دواتردا گوتەبێژ و بڕیاردەر و سەرۆكی ئەو شاندە دیاری بكرێن، بەڵام ڕووداوەكان وایان خواست ئەو شاندە كارەكانی پەكیان بكەوێت، لە كاتێكدا كە ئەو شاندە دروست كراوە كەسانی شارەزا و چالاک بوون لە بواری خۆیاندا و ئێستایش لەگەڵ ئەندامانی شاندەكەدا بە تەلەفۆن ئاگامان لە یەكدی هەیە، بەڵام دەبێت لایەنێك هەبێت ئێمە كۆ بكاتەوە بۆ ئەوەی بۆچوونمان لەسەر ڕەوشی عێراق بخەینە ڕوو."
گوتیشی: "ئەم شاندە سیاسییە، بۆیە لە دەرەوەی شاندی دانوستانكاریش دەكرێت درێژە بە گفتوگۆكان بدرێت و بچێتە بەغدا و پرسەكان یەكلا بكاتەوە، چونكە زۆر پرسی گرنگ و هەستیار ماون و دەبێت لەگەڵ بەغدا یەكلا بكرێنەوە، لە هەمان كاتدا ڕێككەوتنی پێشوەختی سیاسی بكرێت و بەرچاوڕوونییەك هەبێت بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی یان كۆكردنەوەی لایەنەكان، بۆیە پێشنیازم ئەوەیە لە ژێر چەتری حزبە كوردستانییەكاندا هاوپەیمانیی كوردستان دروست بكرێتەوە و دڵسۆزانە كاری بۆ بكرێت."
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەروەها دەشڵێت: "ئێمە دەبێت سێشەممە بگەڕێینەوە بەغدا و پێویستە ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆككۆمار هەبێت، بۆیە دەبێت لەم دوو ڕۆژەدا كۆ ببینەوە و گفتوگۆ بكەین كە پێویستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە هەموو ئەندامەكان بكات كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ساز بدرێت بۆ ئەوەی بزانین نەخشەڕێگەمان چییە و چی بكەین."
سەرکەوت حەسەن




