وەزارەتی ئەوقاف داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات هاوكاریی ئاوارە مەسیحییەكان بكەن

هەولێر-kdp.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەو مەسیحیانەی لە مووسڵ هەڕەشەی سەربڕینیان لێ كراوە، ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بۆیە داوا لە خەڵكی هەرێم دەكەین هاوكارییان بكەن".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەریوان نەقشبەندی) گوتی: "دوای ئەوەی رۆژی هەینیی رابردوو گرووپە تیرۆریستییەكان كە زیاتر لە مانگێكە كۆنتڕۆڵی شاری مووسڵیان كردوە، داوایان لە مەسیحییەكانی ئەو شارە كرد، یان ببن بە موسڵمان یان سەرانە بدەن و یاخود شارەكە بەجێ بهێڵن، سەرجەم مەسیحییەكانی شاری مووسڵ بژاردەی سێیەمیان لا پەسەند بووە و بە بێ ئەوەی رێگەیان پێ بدرێ هیچ شتێك لەگەڵ خۆیان بێنن، دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گیراوە و سەرجەمیان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان".
(مەریوان نەقشبەندی) ڕوونیشی كردەوە، ئەو مەسیحیانە بەسەر ناوچە جیاجیاكانی دەشتی نەینەوا و هەولێر و دهۆكدا دابەش بوون و ئێستا هیچ خانەوادەیەكی مەسیحی لە مووسڵ نەماوە، بۆ دڵنیابوون لەرەوشی ئەم ئاوارە مەسیحیانە و چۆنێتیی هاوكاریكردنیان، ئەمڕۆ وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (كەمال موسلیم) سەردانی "تلكێف" دەكات.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێم بە توندی ئیدانەی ئەم كارەی گرووپە تیرۆرستییەكانی مووسڵ دەكات و داوا لە خەڵكی كوردستانیش دەكات بەهانای ئەم ئاوارە مەسیحیانە و هەموو ئاوارەكانی دیكەی عێراقەوە بچن.
بڵند ئیبراهیم




