سەرۆكایەتیی هەرێم، هەڕەشە و دەرکردنی مەسیحییەکان سەرکۆنە دەکات

هەولێر-KDP.INFO- گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دەركردنی خوشك و برایانی مەسیحی لە مووسڵ، هەڕەشەکردن و دەرکردنی مەسیحییەکان بەدوور لە دابونەریتی پێكەوەژیان و بنەما و یاساكانی مافی مرۆڤ و ئایین ناو دەبات، هاوکات داوایش لە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكات، هەرچیی زووترە هاوكاریی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن تا بەشێوەیەكی بە پەلە و شایستە بتوانن هاوكاریی لێقەوماوان بكەن.
دەقی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەركردنی خوشك و برایانی مەسیحی لە مووسڵ:
لە دواهەوڵی گرووپە تیرۆریستییەكاندا كە دەستیان بەسەر شاری مووسڵدا گرتووە، بە شێوەیەكی دوور لە دابونەریتی پێكەوەژیان و بنەما و یاساكانی مافی مرۆڤ و ئایین، هەڕەشەی دەركردن و كوشتنیان لە خوشك و برایانی مەسیحی كردووە و ناچاریان كردوون ماڵ و شوێنەكانیان بە جێ بێڵن و بەرەو كوردستان بەڕێ بكەون.
ئێمە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەم كارە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە بە توندی ئیدانە دەكەین و هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆیشمان بۆ ئەو خوشك و برایانە دەردەبڕین و، ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ پێشوازی و یارمەتیدان و پاراستنیان رادەگەیەنین.
داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەین هەرچیی زووترە هاوكاریی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن تا بەشێوەیەكی بە پەلە و شایستە بتوانین هاوكاریی لێقەوماوان بكەین و لە خەم و ئازارەكانیان كەم بكەینەوە.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
ئومێد سەباح
19/7/2014




