دیپلۆماتكار و سەركۆنسووڵی وڵاتانی جیهان: هەرێمی كوردستان تاقانەیەكی ئارامە لە ناوچەكەدا

هەولێر-KDP.info-پارێزگای هەولێر ومەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەشتێكی شەوانەبازاڕی ڕەمەزانی هەولێریان بۆ بەشێك لە كۆنسووڵ و دیپلۆماتكارانی بیانی ساز كرد و تێیدا دیپلۆماتكار و سەركۆنسووڵی وڵاتانی جیهان، كوردستانیان بە تاقانەیەكی ئارام لە ناوچەكەدا ناو برد.
كۆنسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر (ئالن گوێ نچات) دەڵێت: "دوو ساڵە لەگەڵ خانەوادەكەم لەم شارە دەژیم، تێكەڵی ئەم شارە بووم و ئەمە جاری یەكەمە كە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر دێمە ناو بازاڕ، بۆیە زۆر هەست بە خۆشی دەكەم و ئێمە بڕوای تەوامان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی دیكە هەیە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان بە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەراورد ناكرێت و من زۆر سوپاسی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ئەم كەشە ئارامەیان دابین كردووە".
لە گەشتەكەدا (هێمنی و ئارامی) و گوزەری ژیانی رۆژانەی خەڵك لە هەرێمی كوردستان، سەرنجی كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی جیهانی راكێشا و ئەو بارودۆخەی هەرێمی كوردستانیش كە لە سایەی شەونخوونیی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەی كوردستان هاتووەتە كایەوە، بەرز نرخاند.
بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە شەوانەبازاڕێكدا چەند سەركۆنسووڵ و دیپلۆماتكارێكی میوانداری كرد، كە لە كۆنسووڵی بەریتانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا و جێگیری كۆنسووڵی ئەمەریكا پێك هاتبوون و بە یاوەریی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی (هێمن هەورامی) و پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) چەند شوێنێكی تایبەتی ناو بازاڕیان بەسەر كردەوە كە وەك نەریتێك شەوانی رەمەزانی ڕازاندووەتەوە.
سەبارەت بەو سەردانە مەیدانییە هەر یەكە لە كۆنسووڵی بەریتانیا و فەڕەنسا و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان و پارێزگاری هەولێر قسەیان هەبوو.
(هێمن هەورامی) گوتی: "ئەم كارە بەشێكە لە پەیوەندییەكان كە ئێمە لە چوارچێوەی كاری خۆماندا ئەنجامی دەدەین، بۆ ئەوەی تەنیا لە كۆبوونەوە فەرمییەكان و لە رێگەی میدیاكانەوە واقیعی كوردستان نەبینن و بۆ خۆیان بێن لەسەر ئەرزی واقیع تێكەڵاوی خەڵك بن و بزانن ژیانی رۆژانەی خەڵكی كوردستان چۆنە".
گوتیشی: "لە هەمان كاتدا ئەم كارەی ئێمە بۆ ئەوەیە كە پەیامێك بگات بە ئەوان كە هەرێمی كوردستان ئارامە و لە رێگەی ئەوانیشەوە پەیامێك بگاتە پایتەختەكانیان كە كوردستان فاكتەری سەقامگیری و پێشكەوتنە لە ناوچەكەدا و ئەگەر زیاتریش بەرەو پێش بڕوات، كاریگەریی زیاتری لەسەر سەقامگیری و ئارامی پێشكەوتنی ناوچەكە دەبێـت".
(هەورامی) ئەوەیشی خستە ڕوو: "هەندێكیان دەڵێن باوەڕ ناكەین كە ئەمە دەبینین، چونكە هەندێكیان یەكەم جاریانە لە ئۆتۆمبێلە درعەكانیان هاتوونەتە خوارەوە و هەندێكیشیان تازە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بۆیە بە پێویستمان زانی بێنە ناو خەڵك و خۆیان شتەكان بە چاوی خۆیان ببینن"
ڕوونیشی كردەوە: "ئەوان هەستێكی سەیریان لا دروست بووە، دەڵَێین ئێمە هەست دەكەین لە نیویۆركین یان لە شارێكی تەواو ئارامداین كە دوور لە پاسەوان و دوور لە ئۆتۆمبێلی درع هاتوونەتە ناو خەڵك".
گوتیشی: "ئەوان سادەیی خەڵكیان زۆر پێ جوانە، رێكوپێكیی ناوشارییان زۆر پێ سەرنجڕاكێشە، میواندۆستیی خەڵكی كوردستانیان زۆر لا گەورەیە و هەبوونی ژیانی ئاسایی هەرێمی كوردستان بە سەركەوتنی فەرمانڕەوایی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەوڵ و ماندووبوونی دەزگا ئەمنییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەزانن".
(هێمن هەورامی) ئەم ئارامی و سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستانی بۆ شەونخوونیی پێشمەرگەی كوردستان گەڕاندەوە و سڵاو و رێزی خۆی بۆ یەك بە یەكی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان نارد و ئاماژەی دا كە "ئەوە لە سایەی قوربانیی بەردەوامی ئەوانە ئەمڕۆ ئێمە سەربەرزانە نوێنەرانی وڵاتانی دیپلۆماسی دەهێنین بە بێ هیچ ترسێك لە ناو پایتەختی هەرێمی كوردستان دا دەیانگێڕین".
هەر لە گەشتەكەدا پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) ڕایگەیاند: "ئەم سەردانەمان بۆ ئەوە بوو كە كۆنسووڵگەرییەكان ئەو ئەمنیەتەی هەولێری پایتەخت و هەرێمی كوردستان بە چاوی خۆیان ببین و بەڕێوەچوونی ژیانی ئاسایی دڵنیایی دەداتە ئەوان و نیشانەی سەركەوتنی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشە و تواناكانی هێزی ئەمنییە لە كوردستاندا".
كۆنسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر (ئالن گوێ نچات)ـیش دەڵێت: "دوو ساڵە لەگەڵ خانەوادەكەم لەم شارە دەژیم، تێكەڵی ئەم شارە بووم و ئەمە جاری یەكەمە كە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر دێمە ناو بازاڕ، بۆیە زۆر هەست بە خۆشی دەكەم و ئێمە بڕوای تەوامان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی دیكە هەیە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان بە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەراورد ناكرێت و من زۆر سوپاسی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە ئەم كەشە ئارامەیان دابین كردووە".
هاوكات كۆنسووڵی بەریتانیا (ئەنگیس مەككی) ئاماژە بەوە دەدات كە ئاساییشێكی باش لە هەرێمی كوردستان بەرقەرارە و لە ڕووی ئارامییەوە هەرێمی كوردستان تەواو جیاوازە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق.
(مەككی) هەروەها گوتی كە لێرە خەڵك هەست بە ئارامی دەكات و ئەمە كارێكی گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە.
سان دەرەقیسەری




