شاندی دانوستانكار دوای هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیران دەست بە گفتوگۆ دەكات

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان دەڵێت، تاوەكو ئێستا دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی بەغدا دەستی پێ نەكردووە و چاوەڕوان دەكرێت دوای هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیران دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا بكرێت.
ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان (یاسین حەسەن) بە KDP.INFOـی راگەیاند: "شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان دروست بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بكات و لایەنە كوردییەكانیش هەریەكەیان كارنامەی خۆیان پێشكەشی سەرۆكایەتیی هەرێم كردووە بۆ ئەوەی بكرێتە یەك كارنامە و لەسەر ئەو كارنامەیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بكەن".
(یاسین) ڕوونیشی كردەوە كە لە دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق بارودۆخەكە گۆڕاوە، لەوانە ماددەی 140جێبەجێ بووە و نەوتی هەرێم فرۆشراوە و بڕیاریشە (نووری مالیكی) بگۆردرێت، كە ئەمانەیش زۆرێك لە داواكاریی كورد بوون، بۆیە لە ئێستادا هیچ باسێك نییە بۆ ئەوەی شاندەكە دەست بە دانوستان بكات.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "چاوەڕوان دەكرێت دوای ئەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا دەكرێتەوە، ئەو كات لەگەڵ بەغدا لە بارەی وردەكاریی پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكانەوە شاندەكەی ئێمە دەستبەكار بێت و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا بكەین".
بڵند ئیبراهیم




