٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایان باس لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئاماژە بەوە دەدەن كە لە داهاتوودا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت.

ئەندامی پێشووی پەرلەمان لە لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان (بەرزان هەورامی) بۆ KDP.infoگوتی: "ئێستا هەرێمی كوردستان نزیكەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕەوانەی دەرەوەی توركیا كردووە، بەڵام بە هۆی پڕبوونی عەمبارەكان ئەو هەناردەكردنە ڕاوەستاوە، دوای بەتاڵكردنەوەیشیان هەناردەكردنی نەوت دەست پێ دەكاتەوە، بۆیە دەكرێت هەرێمی كوردستان ئەو ڕێژەیە بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرز بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت قەیرانی دارایی چارە بكات".

گوتیشی: "بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی نەوت هەناردەی دەرەوە بكات و هیچ ڕێگرییەكی لێ ناكرێت".

هاوكات پەرلەمانتاری كوردستان (فەرحان جەوهەر) بۆ KDP.infoڕایگەیاند: "هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و ئەو بڕەی ئێستا هەناردە دەكرێت، ڕێژەكەی زیاد دەكرێت تا ئەو كاتەی دەگاتە ئاستی پڕكردنەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان كە ئەوەیش لە ڕێگەی زیاتر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت".

گوتیشی : "ئەو هەنگاوە گەڕانەوەی بۆ نییە، چونكە ئێستا پرۆسەی هەناردەكردنەكە زیاتر بووە بە هۆی تێكەڵكردنی نەوتی كەركووكە بە بۆرییەكانی هەرێمی كوردستانەوە".

بەپێی قسەی وەزیری وزەی توركیا (تانەر یڵدز)، هەرێمی كوردستان بە هۆی پڕبوونی عەمباری نەوت لە توركیا، بۆ سێ ڕۆژ هەناردەی نەوتەكەی دەوەستێنێت لە كاتێكدا نزیكەی 5 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە كراوە و تا بەتاڵبوونەوەی عەمبارەكانیش هەناردەی نەوت دەست پێ ناكاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار