لەتیف شێخ عومەر: مام جەلال خۆی داوای کردووە پێشوازییەکەی بە مەراسیم نەبێ

سلێمانی-KDP.info- پاش وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی و ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەك لە وڵاتی ئەڵمانیا، بڕیار وایە ئەمڕۆ سەرۆككۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی) بە فڕۆكەیەكی تایبەت لە وڵاتی ئەڵمانیاوە بگەڕێتەوە هەرێم.
بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی (لەتیف شێخ عومەر) بە kdp.infoـی راگەیاند: "بڕیارە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ جەنابی (مام جەلال) لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە بگەڕێتەوە هەرێمی كردستان".
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی مەراسیمی تایبەت بۆ پێشوازیكردنی، (لەتیف شێخ عومەر) گوتی: "ئەوەندی من ئاگادار بم خودی سەرۆككۆمار داوای كردووە كە بە هۆی گەرمی و مانگی رەمەزانەوە مەراسیمی پێشوازی بۆ ئەنجام نەدرێت و خەڵك نەخرێتە ئەركەوە".
بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە سەرۆككۆمار لە لایەن خانەوادەكەی و كەسانی نزیك لە خۆیەوە لە فڕۆكەخانە پێشوازیی لێ بكرێت. هەروەها رێگەیش بە هیچ كەناڵ و میدیایەك نادرێت ڕووماڵی هاتنەوەی (مام جەلال) لە ناو فڕۆكەخانەدا بكات.
ئارمان مەلازادە




