قوباد تاڵەبانی بۆ هاووڵاتیانی سلێمانی: لە کاتی گەڕانەوەی(مام) تەقە مەکەن

هەولێر-KDP.INFO- کوڕی (مام جەلال تاڵەبانی) کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە(قوباد تاڵەبانی) داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی گەڕانەوەی (مام جەلال)-دا، تەقە نەکەن و دۆخی ئارام و سەقامگیری نەشێوێنن.
(تاڵەبانی) ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چەمچاڵەوە گوتی، ئەو گوللانەی کە وا بڕیارە سبەی وەک تەقەی خۆشی بتەقێندرێن، با بۆ بەرگریی لە سنووری هەرێمی کوردستان بتەقێندرێن و زیاتر گوتی "مام خۆی داوای کردووە، پێشوازی بە ئارامی بێت."
(قوباد تاڵەبانی) هاوکات لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بۆی ساز درابوو ڕایگەیاند "(مام) سبەی دەگەڕێتەوە کوردستان، داوایشم لێ کراوە بە هۆی بابەتی ئەمنییەوە هەندێ زانیاری لە بارەی کات و چۆنیەتیی گەڕانەوەی نەدرکێنم."
دەربارەی ئەوەیش کە پاش گەڕانەوەی (مام جەڵال) لە کاری سیاسیی خۆیدا بەدەوام دەبێت یان نا، گوتیشی، "هەمیشە لە سیاسەتدا بووە دەشمێنێتەوە و دانابڕیت."
کوڕی سەرۆککۆماری عێراق، هاوکات دەربارەی تەندروسیی باوکی دەڵێت، "تەندروستیی باشە و پێشتریش بینیمان کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕابردوویشدا بەشداریی کرد. تیمە پزیشکییەکانیشی بەردەوام لەگەڵیدا دەبن و چاودێری دەکەن."
بۆ بەشداری لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان لە چەمچەماڵم بۆیە کۆنگرەکە لێرەیە.
وەها بڕیارە سبەی شەممە، لە ڕێگەی فڕگەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە سەرۆککۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان(جەلال تاڵەبانی) بگەڕیتەوە شاری سلێمانی.




