نزیکەی دووھەزار ئەفسەر و سەربازی سوپای عێراق، دەچنە ناو پێشمەرگەوە

ھەولێر- KDP.INFO- بەڕێوبەری گشتیی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە ھەزار و هەشتسەد سەرباز و ئەفسەر ی جیابووەوە لە سوپای عێراق، داوایان کردووە بێنە ناو ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگە و وەهایش بڕیارە لەناو یەکەکانی ھێزەکانی پێشمەرگەدا رێک بخرێنەوە.
بەرێوبەری گشتیی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (عەمید ھەڵگورد حیکمەت) تایبەت بە kdp.infoی راگەیاند: "پێوەست بە ئەو ئەفسەر و پلەدار و سەربازانەی لە سوپای عێراق جیا بوونەتەوە، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، ئێمە رێنماییمان ھەن و لەئێستادا لە بەرێوبەرایەتیی خۆبەشی لە پارێزگاکان کاریان لەسەر دەکرێت، وەکو قۆناخی یەکەم ناونووس دەکرێن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت، بۆئەوەی دڵنییا بکرێنەوە و بەڵگەیان پێ بێت و تا بزانین لە چ شوێنێک لە ریزەکانی سوپای عێراق بوونە، دواتر بەرنامە ئەوەیە لە چوارچێوەی ھێزەکانی پێشمەرگەدا رێک بخرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت."
(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) ئەوەشی گوت، "ژمارەی ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، زیاتر لە ھەزار و800کەسن و تا پلەی ئامر لیوا و عەمیدیان تێدا ھەیە."
بەرێوبەری گشتیی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر گوتی: "ئەوانەی کە داوایان کردووە بێنە ناو ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، مەرج نییە ھەموویان پێکەوە بن و لە یەکەکانی ھێزی پێشمەرگە رێک دەخرێن و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن."
بڵند ئیبراھیم




