٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستی لە یەكپارچەیی عێراق بەردا.. پەرلەمانی ئەورووپا: ئاگاداری ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانین

سەرچاوە: KDP.info

برۆكسل-KDP.info- پەرلەمانی ئەورووپا ڕایدەگەیەنێت، ئەوان لە پلانی سازدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئاگادارن و داوایش لە سەرۆكی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان دەكەن بە پرۆسەیەكی گشتگیرەوە پابەند بن كە ڕێز لە خواستی هەموو پێكهاتەكان بگیرێ. نوێنەری حكوومەتی هەرێمیش لە برۆكسل دەڵێت، پڕۆژەبڕیاری پەرلەمانی ئەورووپا هەنگاوێكی گرینگە و ئاماژەیە بۆ گۆڕانێكی جەوهەری لە هەڵوێستی پەرلەمانی ئەورووپادا.

پەرلەمانی ئەورووپا، ڕۆژی چوارشەممە 16/7/2014  لە شاری ستراسبورگ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بارودۆخی عێراقی ساز كرد. لە میانەی ئەو كۆبوونەوەیەدا كە نوێنەری بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئەورووپا (كاترین ئاشتۆن) بانگهێشت كرابوو، ژمارەیەكی بەرچاو لە پەرلەمانتاران ئامادە بوون و 32 پەرلەمانتاری ئەورووپایی بە گوتار و پرسیاركردن بەشدارییان كرد.

 

پڕۆژەبڕیاری پەرلەمانی ئەورووپا: "ئاگاداری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانین"

هەر لە بارەی عێراقەوە، ڕۆژی پێنجشەممە 17/7/2014 پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆژەبڕیارێكی دەركرد كە بە هاوبەشی و سازان لە نێوان گرووپەكانی پەرلەماندا هاتووەتە كایەوە. لە پرۆژەبڕیارەكەی پەرلەمانی ئەورووپادا هاتووە كە "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا كۆنترۆڵی كەركووكی كردووە كە دەوڵەمەندە بە نەوت و شوێنێكە كە بە دەیان ساڵ ناوچەیەكی كێشەلەسەر بووە."

هەروەها ئاماژە دراوە كە "پەرلەمانی ئەورووپا لە پلانی سازدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئاگادارە و داوا لە سەرۆكی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان دەكات پابەند بن بە پرۆسەیەكی گشتگیر كە ڕێز لە خواستی هەموو پێكهاتەكان بگیرێ".

 

پەرلەمانی ئەورووپا دەستی لە یەكپارچەیی عێراق بەردا

لەم پرۆژەبڕیارەدا ئەوەی بە پلەی یەكەم بە دی دەكرێ، لەخۆنەگرتنی چەمكەكانی "یەكپارچەیی خاكی عێراقterritorial integrity" و "سەرەوەیی عێراق sovereignty" كە ئەمەیش بێگومان دەستبەردانە لەو هەڵوێستەی پەرلەمانی ئەورووپا كە لە دە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەردەوام و جێگیر بەرامبەر عێراق هەیبووە و لە ناوەڕۆكدا بریتی بووە لە جەختكردنەوە لەسەر یەكپارچەیی و سەروەریی عێراق. هاوكات پڕۆژەبڕیارەكەی پەرلەمانی ئەورووپا لادانیشە لە بەیاننامەی وەزیرانی دەروەی یەكیەتیی ئەورووپا كە لە ڕێكەوتی 11/6/2014 سەبارەت بە عێراق بڵاویان كردەوە و تێیدا جەخت لە یەكپارجەیی و سەروەریی عێراق كرابووەوە. لە جێگەی ئەو چەمكانە و لە چوارچێوەی هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی، لە پرۆژەبڕیارەكەدا (خاڵی 4) هاتووە كە "پەرلەمانی ئەورووپا بیرۆكەی گۆڕینی سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكان ڕەت دەكاتەوە لە ڕێگەی هێزەوە" و دوابەدوای ئەوەیش دەڵێ، "ئەمە لە كاتێكدا كە پەرلەمان ڕێز لە خواستی خەڵكی ئەو ناوچانە دەگرێ."

 

لۆبی كورد لە برۆكسل چی كردووە؟

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە برۆكسل (دلاوەر ئاژگەیی) لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: "هەڵبەتە بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەورووپا ماوەیەكە كاری لەسەر دەكرێ و ئێمەیش وەك نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سوودوەرگرتن لەو پەیوەندییانەی هەمانە، توانیمان هەفتەیەك بەر لە دەرچوونی، ڕەشنووسی پڕۆژەبڕیارەكەمان بەردەست بكەوێ. ئەوەی لە سەرەتاوە تێبینیمان كرد ئەوە بوو كە ئەم پرۆژەبڕیارە زۆر هاوشێوەی ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی یەكیەتیی ئەورووپا بوو كە لە 11/6/2014 دەریكردبوو".

گوتیشی: "هەر بۆیە لە سەرەتاوە كارمان كرد بۆ ئەوەی كە پڕۆژەبڕیارەكەی پەرلەمان "نەرمتر" بكەین و كارێك بكەین كە ناوەڕۆكەكەی لەگەڵ واقیعی نوێی عێراقدا بگونجێنرێ. بۆ ئەو مەبەستەیش لەگەڵ ڕاوێژكارانی نوێنەرایەتی، پلانێكی بە پەلەمان داڕشت و هەستاین بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ گرووپەكانی نێو پەرلەمان و پەیامی خەڵك و سەرۆكی كوردستانمان پێ گەیاندن."

(ئاژگەیی) هەروەها دەشڵێت: "خۆشبەختانە پاش هەوڵێكی چڕ توانیمان هەندێ چەمكی كۆن و سواو كە لەگەڵ واقیعی ئێستای عێراقدا ناگونجێن لە ڕەشنووسی بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەورووپا دەربكەین."

نوێنەری حكوومەتی كوردستان لە برۆكسل رایگەیاند كە ئەم پڕۆژەبڕیارەی پەرلەمانی ئەورووپا هەنگاوێكی گرینگە و ئاماژەیە بۆ گۆڕانێكی جەوهەری لە هەڵوێستی پەرلەمانی ئەورووپادا كە تا ئێستا بەردەوام جەختی لە سەر یەكپارچەیی عێراق دەكردەوە، بەڵام ئێستا دید و هەڵوێستێكی واقیعبینانەی هەیە.

شایانی باسە، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی ئەورووپادا 32 پەرلەمانتاری ئەورووپایی گوتەیان هەبوو كە 23 پەرلەمانتار ئاماژەیان بە كوردستان كرد و 18 لەوانە بە پۆزەتیڤ باسیان لە ئەزموونی كوردستان كرد و ژمارەیەكیش پەرلەمانتار بە ئاشكرا پشتیوانیی خۆیان بۆ بیرۆكەی سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند.

 

هەواڵی پەیوەندیدار