UNHCR لە مامەڵەی لەگەڵ پەنابەراندا، ستاییشی هەرێمی کوردستانی کرد

هەولێر-KDO.info- كۆمیساری باڵای كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بۆ سەرۆکوەزیرانی کوردستان دووپاتی كرده‌وه كه، ئه‌م هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌یەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ پەنابەرانی سووریا و عێراق، جێگه‌ی ستاییش و پێزانینی ڕێكخراوه‌كه‌یان و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه. (نێچیرڤان بارزانی)-یش ڕایگەیاند کە، ژماره‌ی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان له توانای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ره و ده‌بێ حكوومه‌تی عێراق به پله‌ی یه‌كه‌م و دوای ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌م كه‌یسه‌دا به‌رپرسیاریه‌تیی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و هاوكاری و یارمه‌تیی جیددی‌یان بده‌ن.
دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 17ی ته‌ممووزی 2014، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) پێشوازی له كۆمیساری باڵای كاروباری په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانUNHCR(ئا‌نتۆنیۆ گوتێرز)كرد.
له دیدارێكدا (گوتێرز) سوپاس و پێزانینیUNHCR و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌ش به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه ده‌رگاكانی به ڕووی په‌نابه‌رانی سووریا و ئاواره‌كانی ناوخۆی عیراقدا كردووه‌ته‌وه و ئارامی و ئاساییشی بۆ دابین كردوون و هه‌موو هاوكاری و یارمه‌تییه‌كی پێویستی پێشكه‌ش كردوون، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌م هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌یەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی ستاییش و پێزانینی ڕێكخراوه‌كه‌یان و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێ جیاوازی، هه‌موو هاوكاری و یارمه‌تییه‌كی پێشكه‌ش به ته‌واوی په‌نابه‌رانی سووریا و ئاواره‌كانی ناوخۆی عیراق كردووه و ئه‌وه‌ی له توانیادا بووبێت هیچ درێخییه‌كی نه‌كردووه و ناكات، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه كه ژماره‌ی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان له توانای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ره و بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك پێویست هاوكاری و یارمه‌تیی هه‌مووان بكرێت، ده‌بێ حكوومه‌تی عیراق به پله‌ی یه‌كه‌م و دوای ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌م كه‌یسه‌دا به‌رپرسیاریه‌تیی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و هاوكاری و یارمه‌تیی جیددی‌یان بده‌ن.
سه‌رۆكوه‌زیران هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ده‌زگا و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئێن جی ئۆ ناوخۆیی و جیهانییه‌كان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه بتوانن باشترین خزمه‌ت له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه به په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان بكه‌ن و كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كان بگه‌یه‌ننه خێوه‌تگا و كه‌مپه‌كان له هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.




