سەنتەری پرۆسەی هاوبەشی نێوان هەرێم و ئەمەریكا پێک دێت.. سنووری كوردستان و عێراق بە خەندەق دەپارێزرێت

هەولێر-KDP.INFO- وەزارەتی پێشمەرگە بە درێژایی هەزار و 500 كیلۆمەتر لە سنووری نێوان هەرێم و عێراق خەندەق هەڵدەكەنێت و سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانیش ئەوە بە پێویستییەكی حەتمی دەزانێت. دامەزراندنی سەنتەرێكی هاوبەشی نێوان هەرێم و ئەمەریكایش کە پێشتر بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندبوو، هەموو ئامادەكارییەك بۆ پێكهێنانی سەنتەری پرۆسەی هاوبەشی نێوان هەرێم و ئەمەریكا كراوە و لە كاتی خۆیدا رادەگەیەندرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە عەمید (هەڵگورد حیكمەت) بە kdp.infoـی راگەیاند: "پلانێكمان داڕشتووە كە لە سەرتاسەری سنووری باشووری كوردستان سەنگەرێكی بەرگری دروست بكرێت و خەندەق لێ بدرێت، كە پانی و قووڵیی خەندەقەكە سێ مەتر دەبێت."
سەبارەت بە سنووری خەندەقەكە (هەڵگورد حیكمەت) گوتی: "لە زۆربەی سنووری مووسڵ، شنگال، زوممار و سنووری كەركووك خەندەقەكە لێ دراوە، هەروەها ئەو پلانە سنووری دیالەیش دەگرێتەوە و لەوێیش سەرقاڵی خەندەقلێدانین."
بە گوتەی عەمید (هەڵگورد) ئەو سنوورەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق هەیەتی، پانتاییەكی زۆر لە خۆی دەگرێت و هیچ جۆرە بەربەستێك نییە كە لە یەكیان جیا بكاتەوە، لەبەر ئەوە هاتوچۆی گرووپە چەكدارەكان بە تایبەت بە ئۆتۆمبێل پێشبینیكراوە و بەو خەندەقە رێگرییەكی زۆر باش دەكرێت لەوەی كە تیرۆریستان نەتوانن دزە بكەنە نێو خاكی كوردستان و لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە كە نەتوانن بە ئۆتۆمبێلی بۆمڕێژكراو ئاودیوی كوردستان بن.
هاوكات لەلایەكی دیكەیشەوە سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و شەهیدان لە پەرلەمان (ئاری هەرسین) بە kdp.infoـی گوت: "تاكوو ئێستا پەرلەمان بە فەرمی بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە نەكردووە، هەرچەندە زۆر قسە لەسەر ئەو خەندەقانە كرا و زۆر كەسیش باسی ئەوەی دەكرد كە گوایا لێدانی ئەو خەندەقانە بۆ دژایەتیكردنی رۆژئاوای كوردستانە، بەڵام ئێستا دەركەوت كە هەبوونی ئەو خەندەقانە پێویستە، چونكە پەیوەندییان بە ئەمنییەتی كوردستانەوە هەیە."
پرسی هەڵكەندنی خەندەق بە دەوری ئەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان كە ئێستا گەڕاونەتەوە سەر هەرێم ئەگەرچی بە بڕیاری سیاسیی هەرێم بووە و بۆ جیاكردنەوەی هەرێم لەناوچە سوننەنشینەكانە كە ئێستا داعش دەستی بەسەردا گرتوون، بەڵام لە ئێستادا تەنیا كێشەیەك كە ماوە سنووری جەلەولا و سەعدییەیە، چونكە لەو ناوچانەدا پێكدادانی نێوان پێشمەرگە و گرووپی تیرۆرستیی داعش بەردەوامە، ئەمەیش تاكوو ئێستا رێگر بووە لە هەڵكەندنی خەندەق لەو ناوچانەدا.
هەر لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەریق (جەبار یاوەر) بە kdp.infoـی گوت كە لە بەشی زۆری ناوچە دەستنیشانكراوەكان ئێستا خەندەق لێ دەدرێت و وەزارەتی پێشمەرگەیش لەسەر بەكۆتاهێنانی ئەو پلانە پێداگرە.
(یاوەر) ڕوونیشی كردەوە كە هەڵكەندنی خەندەق بە درێژایی 1500 كیلۆمەتر سنوور لەگەڵ عێراقدایە و تاكوو ئێستایش هیچ لایەنێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی قسەی لەسەر ئەو خەندەقە نەكردووە.
هەر لەگەڵ دەستبەكاربوون لە هەڵكەندنی ئەو خەندەقەدا، دەنگۆی دامەزراندنی سەنتەرێكی هاوبەشی نێوان هەرێم و ئەمەریكایش بڵاو بووەوە و پێشتر بەرپرسی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە(هەڵگورد حیكمەت) بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندبوو كە هەموو ئامادەكارییەك بۆ پێكهێنانی سەنتەری پرۆسەی هاوبەشی نێوان هەرێم و ئەمەریكا كراوە و ئەو سەنتەرەیش بە نهێنی نابێت و لە كاتی خۆیدا رادەگەیەندرێت.
ژیوار




