هێشتا ڕۆژی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی 12ـی ئامادەیی دیاری نەكراوە

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكەنەوە، تاوەكو ئێستا وادەی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی 12ـی ئامادەی دیاری نەكراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (هاجەر داوود ئەحمەد) بۆ KDP.INFOگوتی: "تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەی دیاری نەكراوە و هەر كاتێك كارەكانی تەواو بوو، لە ماڵپەری وەزاەرتی پەروەردە بڵاو دەكرێتەوە و راگەیاندنەكانیشی لێ ئاگادار دەكەینەوە".
(هاجەر) ڕوونیشی كردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن لە حەوت رۆژی داهاتوودا ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن، راست نین، چونكە وەزارەت هیچ وادەیەكی دیاری نەكردووە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم رایگەیاند: "ئێمە ناتوانین وادە دیاری بكەین و تا ئێستا كارەكانمان تەواو نەبووە، بۆیە هەر كاتێك ئیشوكارەكان تەواو بن، ئەنجامەكان رادەگەیەنین".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، لە راگەیاندنەكاندا دەنگۆی جیاجیا لەبارەی وادەی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاو دەبنەوە.
بڵند ئیبراهیم




