٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری پێشووی كەركووك: سەردانەكەی سەرۆك بارزانی دڵنیایی دایە پێكهاتەكانی شارەكە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری پێشووی كەركووك ڕایدەگەیەنێت: "سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كەركووك، دڵنیایی دایە سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە". دەشڵێت: "ئامادەسازی بۆ ڕیفراندۆم و ڕاپرسی لە كەركووك، هەنگاوێكی پیرۆزە".

پارێزگاری پێشووی كەركووك (عەبدولڕەحمان مستەفا) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "ئەم دەرفەتەی بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە زۆر گرنگە و نابێت لە دەست بچێت، هەروەها ئەو هەنگاوانەیش كە لەبارەی ڕیفراندۆم و ڕاپرسییەوە دەنرێن، هەنگاوی پیرۆزن و دەبێت پاڵپشتییان لێ بكرێت، چونكە ئەو حكوومەتە یەك لە دوای یەكانەی لە عێراقدا هاتوونە سەر حوكم هیچیان لەگەڵ كورددا ڕاستگۆ نەبوون، ئێستایش كە سوپا تێك شكاوە و پێشمەرگە هاتووەتە كەركووك، سەرجەم پێكهاتەكان بێ جیاوازی دەپارێزێت، بۆیە دەبێت هەموومان بە یەك دەنگ پاڵپشتی لەو بڕیارانە بكەین كە سەركردایەتیی كورد دەیاندات بە تایبەتی بڕیار و هەڵوێستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە دەرەوەیش".

گوتیشی: "دەبێت بە هەر شێوەیەك هەیە ئەم دەسكەوتە لە دەست نەدەین، چونكە جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە".

دەربارەی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری كەركووك و دڵنیاكردنەوەی پێكهاتەكانی ئەو شارە، (عەبدولڕەحمان مستەفا) دەڵێت: "سەردانەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دایە پێكهاتەكانی شارەكە، خۆ ئەگەر پێشمەرگەیش نەبووایە ئەوە كەركووك وەك مووسڵی لێ دەهات، بۆیە هەموو لایەنەكان بەوە دڵخۆشن".

ئەو هەروەها ئاماژەی دا: "ئەوەی پەیوەندی بە ماددەی 140ـەوە هەبوو، دەبووایە لە 2007 هەموو هەنگاوەكانی تەواو ببووایە و كۆتایی پێ بهاتایە، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق نەیهێشت ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێت و خۆیشیان دانیان بەوەدا ناوە، بۆیە ئێستایش كە باسی ڕیفراندۆم لەو شارە دەكرێت، لە ئاستی دەرەوەش پشگیری لە هەڵوێست و بڕیاری كەركووكییەكان دەكرێت".

لەمەڕ یەكهەڵوێستیی كوردیش، پارێزگاری پێشووی كەركووك گوتی: "دەبێت ئەمڕۆ گرفتی لاوەكیی نێوان حزبەكان بخرێنە لاوە و هەنگاوەكان بە یەكڕیزی بنرێن و بە بێ جیاوازی كار بۆ سەرخستنی كورد بكەن".   

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار