٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نامەی سەرۆک بارزانی ڕادەستی كۆشكی ئەلیزە کرا

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆكي ديواني سەرۆكايەتيي هەرێمي كوردستان، نامەي (سەرۆك بارزاني) کە بۆ سەرۆکي فەرەنساي ناردووە، ڕادەستي كۆشكي ئەليزە کرد. 16-7-2014

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، نامەی (سەرۆك بارزانی) کە بۆ سەرۆکی فەرەنسای ناردووە، ڕادەستی كۆشكی ئەلیزە کرد. ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا بە (د. فواد حوسێن)-ی ڕاگەیاند، فەرەنسا لە ئارەزوو و بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەگات و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان بەردەوام بن و بەرەوپێشەوە بچن.

 دوێنێ چوارشەممە 16ـی 7ـی 2014 لە كۆشكی ئەلیزەی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا،گەورەڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا(جاك ئۆدیلبێر)، پێشوازی لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان(فواد حوسێن) كرد.

لە دیدارێكی دۆستانەدا (د. فواد حوسێن) نامەی (سەرۆك بارزانی)-ی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا ڕادەستی ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا كرد و لە دانیشتنێكیشدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و ناوچەكە بە تایبەت پاش ڕووداوەكانی 10ـی حوزەیرانی ڕابردووی شاری مووسڵ ئاڵوگۆڕ كرا.

(د. فواد حوسێن) بە ڕاشكاوی باسی لە هاتنەكایەوەی بارودۆخی تازە و قەیرانی سیاسیی عێراقی كرد و سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) و هەرێمی كوردستانی لەبارەی ئێستا و ئاییندەی عێراق و كوردستان بۆ ڕاوێژكاری سەرۆكی فەڕەنسا شیی كردەوە.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو كە، هەر چەندە كورد بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ هەوڵیدا عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵ دروست ببێ و بپارێزرێت، بەڵام هەوڵ و پڕۆسەكە سەری نەگرت و ئێستا لەسەر ئەرزی واقیعدا عێراق پارچەپارچە بووە و هۆكاری سەرەكیی ئەو دابەشبوونەیش سیاسەتی هەڵەی (مالیكی) و بەهێزتربوونی تیرۆریستان بووە و ئەمە وای كردووە خەڵكی كوردستان لەبارەی ئاییندەی پەیوەندیی عێراق و كوردستان پرسیاریان هەبێت.

لای خۆیەوە ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆكی فەڕەنسا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-ی كرد بۆ ناردنی نامە بۆ سەرۆكی فەڕەنسا و جەختی كردەوە كە، لە ئارەزوو و بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەگات و هیوایشی خواست پەیوەندییەكانی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان بەردەوام بن و بەرەوپێشەوە بچن، داوایشی كرد لە هەموو قۆناخێكدا لەنێوان هەردوولادا ڕاوێژ و ئاگاداركردنەوەی بەردەوام هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار