هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆمی هەبێت
__2014_07_16_h16m44s17__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم لە كوردستاندا كرا. جەختیش كرایەوە كە هەرێمی كوردستان ئەو مافەی هەیە دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم پێك بێنێ.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دكتۆر (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، ئەمڕۆ چوارشەممە 16/7/2014 بە ئامادەبوونی سكرتێری پەرلەمان (فەخرەدین قادر) سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی یاسای دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم لە كوردستانی عێراقدا كرا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تیشكی خستە سەر گرنگی و بایەخی بوونی ئەم یاسایە و دەستبەكاربوونی ئەو دەستەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی راستەوخۆ سەرپەرشتیی هەموو هەڵبژاردنەكان بكات.
(ئیمێنكی) هەروەها جەختی لە پێویستیی گەیشتن بە كۆدەنگیی سەرجەم لایەنەكانی پەرلەمان كردەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە دانیشتنی پەرلەماندا ئەو یاسایە گفتوگۆی لەسەر بكرێ و بێتە پەسەندكردن، چونكە وەك ئاماژەی دا هەرێمی كوردستان بەپێی مافەكانی خۆی لە مومارەسەكردنی فیدراڵی ئەو مافەی هەیە دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ریفراندۆم پێك بێنێ و لە خولەكانی پێشوویشدا ئەو هەوڵە لە ئارادا بوو، ئێستایش كاتێكی لەبار بۆ پێشكەشكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە هاتووەتە پێش.
گوتیشی: "پاراستنی سەربەخۆیی دەستەكە گرنگە و لە رووی پیشەییشەوە دەبێ بەپێی پێوەرە باوەڕپێكراوە جیهانییەكان كار بكرێ تاوەكو كارەكانی خۆی بەڕێوە ببات".
پاشان لەلایەن سەرۆكی لیژنەی یاسایی دەقی راپۆرتی لیژنەكە دەربارەی پڕۆژەیاسای دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ریفراندۆم لە كوردستانی عێراق خوێندرایەوە كە لە بیست ماددە پێك هاتووە و بە وردی ئەرك و كارەكانی كۆمسیۆنەكە و ئەنجوومەكە لە هەموو ڕویێكەوە ئاماژەی پێ دراوە بۆ رێكخستنی ئەنجامدانی هەموو هەڵبژاردنەكان لە شار و قەزا و ناحیەكانی كوردستانی عێراقدا.
دواتر هەریەك لە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان ڕاوبۆچوونی خۆیان لەبارەی پڕۆژەیاساكە و چۆنیەتیی دەوڵەمەندكردنی خستە روو بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو پڕۆژەیاسایە لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكرێ و بێتە پەسەندكردن.
ئومێد پشدەری




