حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەكەی داناغاز ڕەت دەكاتەوە

ھەولێر- KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، سەبارەت بە كەیسی ناوبژیوانیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای داناغاز کە لە لەندەن بەڕێوە چووە، بەیاننامەیەكی بڵاو کردەوە و بەیاننامەیەكی ئەو كۆمپانیایەیش، كە لە ئاژانسی رۆیتەرز و رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزدا بڵاو بووەتەوە، رەت دەكاتەوە.
لەبەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، داناغاز بەوە تۆمەتباركراوە، كە نهێنیبوونی ئەو كەیسەی نەپاراستووەو پێش ئەوەی كە دەستەی ناوبژیوانیكار بریاری خۆی بدات بەیاننامەكەی دەركردووە.
بەپێی بەیاننامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی كە داناغاز بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕەپارەیەك قەرزداری كۆمپانیاكە نییە و دەستەی ناوبژیوانكاریش هیچ بڕیارێكی كۆتایی لەو بارەیەوە دەرنەكردووە.
هەروەها جەخت كراوەتە سەر ئەوەی، كە داناغاز بڕی 4.8 ملیار دۆلار قەرزداری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و سكاڵاشی دژی ئەو كۆمپانیایە لە دەستەی ناوبژیوانكار تۆماركردووە.
هاوکات لە راگەیەندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، دەستەی ناوبژیوانكاری نێودەوڵەتی هێشتا بابەتی سەرەكیی ناكۆكیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای داناغازی یەكلایی نەكردووەتەوە، كە پەیوەستە بە شایستەكانی هەر یەكە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای ناوبراو.
هەروەها هاتووە، دەستەی ناوبژیوانكار هیچ بڕیارێكی دەرنەكردووە بۆ پێدانی ئەو بڕە پارە و ئەو نرخەی كە داناغاز داوای كردووە. سەرەرای ئەوەش دەستەی ناوبژیوانیكار هیچ شتێكی بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نەسەپاندووە، بۆ هەڵگرتن و پێدانی پارەی بەرهەمی گازی شلی ئەو كۆمپانیایە.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بردنەوەی سكاڵایەك لەسەر هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای دانەغاز كە لە لەندەن تۆماری كردبوو و تێیدا داوای بڕێك پارەی كردبوو، لە بەرامبەردا سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتەین و داوای وردەكاریمان لەو كۆمپانیایە كردووە."
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان 13-ی ئەم مانگە بەkdp.infoـی ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان دەتوانێ دەربارەی ئەو بڕیارەی دادگا لە لەندەن کە سکاڵایەکی لە بەرژەوەندیی دانەغاز شکاندووەتەوە، تانەی لێ بدات و تەمییزی بكاتە و "هەموو رێكارە یاساییەكانیش دەگرینە بەر."
سەرکەوت حەسەن




