هیڤا حاجی: هەرێم بە ترلیۆنێک و دووسەد ملیۆن دینار پێویستییەكانی مووچە و خەرجیی بەكارخستن و وەبەرهێنان پڕ دەكاتەوە

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان(هیڤا حاجی میرخان) لە لێدوانێكدا بۆKDP.infoگوتی: "پارەی پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ كەمتر لە %50 كەم كراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە."
لەبارەی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە ناوبراو گوتیشی: "بابەتی پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە توركیا شتێكە ڕێكخراوە كە لە نێوان (ئاشتی هەورامی) و ستافێكەوە دەبێت و دەتوانن بی جووڵێنن، ئەوەش دەرگایەكی كراوەیە بۆ دابینكردنی مووچە و بودجەی هەرێم."
گوتیشی، "پرسیارمان لە وەزیری دارایی كردووە كە چەند بودجەمان پێویستە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییە، گوتی کە، هەرێم یەك ترلیۆن و دووسەد ملیۆن دینار پێویستییەكانیەتی كە مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی بەكارخستن و وەبەرهێنان پڕ بكاتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو 200 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی كوردستانە و ئەوی دیكە دەبێت حكوومەت خۆی دابینی بكات.
لەبارەی كۆی ئەو بودجەی لەلایەن بەغدا نەنێردراوە هیڤا حاجی دەڵێت: "بودجەی 2013 كە حكوومەتی عێراق ناردوویەتی (14 ترلیۆن و 406 ملیار و 735 ملیۆن دینار بووە) و بودجەی 2014 ش دەبوو (16 ترلیۆن دینار بوایە) تائێستا ڕەوانەی نەكردووە و بودجەی حاكیمە و سیادییش لەلایەن بەغداوە تائێستا نەدراوە.
کارزان هەورامی




