پلان بۆ نانەوەی پشێوی هەبووە.. قایمقامی مەخموور داوای هاوکاری لە حكووومەتی هەرێم دەکات

مەخموور- KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی مەخموور، باس لە كێشەكانی ئەو شارۆچكەیە دەكات و دەڵێت، "مافی ڕەوای خەڵكە خۆپێشاندان بكەن و داواكاری پێشكەش بكەن، ئێمەیش لەگەڵ خەڵكی مەخمووردا داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، بە هانای ئەو بارودۆخەی مەخموورەوە بێن." ئەو ئاشکرایشی کرد کە، گومانیان هەیە لەو مەسەلەیەدا ئاراستەکردن و ململانێی ئیقلیمی هەبووبێت تا هانی خەڵکی بدەن پشێوی بنێنەوە.
قایمقامی شارۆچكەی مەخموور (ئیبراهیم شێخەڵڵا)، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی تیرۆریستەكانی داعش سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان لەسەر قەزای مەخموور بڕی كە ماوەی 10 رۆژ دەبێت بڕدراوە، ناڕەزایی و قەیرانێكی گەورە لە ناو مەخمووردا كەوتەوە، ئێمەیش لە هەفتەی رابردوودا دوو جاری تر لە گردبوونەوەی هاووڵاتیاندا بەشدار بووین و بە شێوەیەكی زۆر ئارام و لەسەرخۆ لەگەڵ هاووڵاتیاندا كێشەكانمان چارە كرد."
گوتیشی: "رۆژی یەكشەممەیش بڕیار بوو گردبوونەوەیەك لەناو بازاڕی مەخموور ساز بكرێت و ئێمەیش بە نیاز بووین لەگەڵ خەڵكی خۆپێشاندەر بەشداری بكەین و لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندنەوە بانگەوازێك ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین بۆ ئەوەی بە پەلە فریای دانیشتووانی قەزای مەخموور بكەون، تا لەو قەیرانە ڕزگارمان بكەن، بەڵام دوای ئەوەی زانیاریمان پێ گەیشت كە لایەنێکی کوردستانی لە رێگەی هەندێك لە ئەندامانیانەوە بەرنامەیان دانابوو پشێوی و ئاڵۆزی و كاری ناشیاو و بێڕێزی بەرامبەر بە ئێمە و بەرپرسانی تر ئەنجام بدەن، بۆیە ئێمە داوامان لێ كردن كە ئەوان نوێنەریان بێتە لای ئێمە و لە قایمقامییەت ئەو بانگەوازە رابگەیەنین."
(ئیبراهیم شێخەڵڵا) هەروەها دەڵێت: "دوای ئەوە بە هاندانی كەسانی ناسراو، خەڵكی خۆپێشاندەر ئەوانەی كە مافی ڕەوای خۆیانە داوای ئاو و هەموو خزمەتگوزارییەك لە ئیدارەی مەخموور و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، ویستیان رێگەی سەرەكیی مەخموور - گەیارە دابخەن، ئەوەیش بووە هۆی ئەوەی كە هەندێك خەڵكی تری مەدەنی لەو هەڵسوكەوتە بێزار ببن و هەندێك توندوتیژییش لە نێوانیاندا كەوتەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێكی برینداری و قوربانی لێ نەكەوتەوە."
ئەوەیشی خستە ڕوو: "گومانمان بۆ ئەوە دەچێت كە مەسەلەكە ئاراستەکردن و ململانێی ئیقلیمی بێت كە لە زۆر شوێن وەكو رەواندز و باتیفە و زاخۆ و بە تایبەتی ئەو شوێنانەی كە كۆمپانیا نەوتییەكانی لێن و چالاكی و وەبەرهێنانیان لەو شوێنانە هەیە، كێشە دروست دەكرێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئێمە بەپێی یاسا و رێنماییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین."
قایمقامی مەخموور دەشڵێت: "ئەوە مافێكی ڕەوای خەڵكە خۆپێشاندان بكەن و داواكاری پێشكەش بكەن، ئێمەیش لەگەڵ ئەو خەڵكە بەڕێزەدا بانگەواز رادەگەیەنین و داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بە هانای ئەو بارودۆخەی مەخموورەوە بێن."
سەبارەت بە چۆنیەتیی چارەكردنی گرفتەكانی ئێستای مەخموور، (ئیبراهیم شێخەڵڵا) گوتی: "وەكو ئیدارە و لیژنەی ئەمنیی قەزای مەخموور هەموو كات ئامادەین و لە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمانداین، كێشەكانیان بە جیددی وەردەگرین و تەواوی هەوڵی خۆمان بۆ چارەكردنیان دەخەینە گەڕ."
سەرکەوت حەسەن




