پێویستە حكوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی هێرشكردنەسەر بارەگای ڕۆژنامەی تەئاخی هەڵبگرێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بە ڕووداوی هێرشكردنەسەر بارەگای ڕۆژنامەی "تەئاخی" لە بەغدا دەڵێت، "هەڵوێستەكانی پارتی لەم قۆناخەدا بۆ هەندێك لایەنی قۆرخكار مایەی ترسە، بۆیە بە مەبەستی كاردانەوە دژی پارتی، زۆر شت پەنای بۆ دەبرێت"، دەشڵێت "بەرپرسیارەتیی هێرشكردنەسەر بارەگای ڕۆژنامەی تەئاخی لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقدایە."
دوێنێ لە شاری بەغدا هێزێكی پڕچەكی دەمامكدار هەڵیانكوتایە سەر بارەگای ڕۆژنامەی "تەئاخی" و سەرجەم ئامێرەكانی ئەو ڕۆژنامەیەیان دەستبەسەردا گرت. نووسەر و ڕۆژنامەنووس، كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بوو (ئاسۆ كەریم) بۆ KDP.infoگوتی: "ڕەوشی عێراق زۆر مەترسیدار بووە و هەر گرووپی چەكدارە و پەلاماری هەر شوێنێك دەدەن كە خۆیان حەزیان لێیە، بە جۆرێك ئەوەی لە سۆماڵ بەڕێوە دەچێت پێی دەگوترێت حكوومەت و ئەوەیشی لە عێراق بەڕێوە دەچێت هەر پێی دەگوترێت دەوڵەت و حكوومەت، لەبەر ئەوە عێراق لەژێر هەڕەشە و بێسەروبەریدایە و لەم گێژاوەیشدا چاوەڕوان دەكرێت هەموو شتێك ڕوو بدات."
(ئاسۆ كەریم) گوتیشی: "بەداخەوە ئەوەی بەرانبەر بە ڕۆژنامەی "تەئاخی" كرا، ڕاستەوخۆ حكوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، هۆكاری هێرشەكەیش لەم كاتەدا بۆ سێ خاڵ دەگەڕێتەوە، یەكەم پەیوەندی بە هەڵوێستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە كە داوا دەكات ئەو بۆشاییەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دروست بووە، پڕ بكرێتەوە و وڵات بەرەو هەڵدێر نەبرێت، ئەم گوتارەی پارتییش بە دڵی هەندێك لایەنی عێراق نییە و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت پەیام بدەنە پارتی. دووەم: هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان و هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك هۆكارن كە هەندێك لەو لایەنانەی عێراقی بێتاقەت كردووە، ئەوانەیش وا دەكەن وەك كاردانەوە هێرش و پەلامار بە كار بهێنن. خاڵی سێیەمیش ئەوەیە، هەندێك لە ئەندامانی دەوڵەتی یاسا هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی بێبنەمایان دژی كورد دەست پێ كردووە كە وای كردووە لەناو جەماوەری خۆیاندا بەرهەڵستی دژی كورد و پارتی دروست بكەن."




