٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: ئەو هێزانەی كێڵگە نەوتییەكان دەپارێزن، حیزبی نین

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-تایبەت بە KDP.info- جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، هێزێك لە هەرێمی كوردستاندا نەماوە بە ناوی هێزی حیزبییەوە و ئەو هێزەی بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان چووەتە سنووری كەركووك، سەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانە و ئەوەی بە حیزبی لە قەڵەمی بدات، پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت و بدرێتە دادگە.

 

جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان (دیاری حوسێن) تایبەت بە kdp.infoـی راگەیاند: "لیوایەك كە سەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، چەند ساڵێكە بۆ پاراستنی نەوت دامەزراوە و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوویشدا دوای ئەوەی هەست بەوە كرا لە سنووری پارێزگای كەركووك چەند كێڵگەیەكی نەوتی مەترسییان لەسەرە و بۆ ئەوەی لە كەسانی گێرەشێوێن بپارێزرێن و نەسووتێنرێن، ئەو هێزە هاتوونەتە ئەو شوێنە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی بكەن و ئەو نەوتە بەفیڕۆ نەڕوات".

(دیاری) زیاتر گوتی: "ئەو نەوتەی دەردەهێندرێت، هەناردەی دەرەوە دەكرێت و پارەكە 17%ـی بۆ هەرێمی كوردستانە و ئەوی دیكە بۆ خەڵكی عێراقە، كەواتە هەموو خەڵكی عێراق سوود لە پارەی ئەو نەوتە وەردەگرن".

جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەیشی خستە ڕوو: "لە ئێستادا هێزی حیزبی نەماوە و هەمووان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و ئەوانەی باسیش لەوە دەكەن هێزێكی پارتی دەستی بەسەر ئەو كێڵگە نەوتیانەدا گرتووە، راست نییە".

گوتیشی: "باوی ئەوە نەماوە باس لەوە بكرێت ئەم هێزە سەر بە فڵانە حیزبە و پێویستە گوێ لەمە نەگیرێت و سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت بڕیار دەدات و هەر كەسێكیش ئەو جۆرە قسانە بكات، پێویستە بەدواداچوون و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت و بدرێتە دادگە".

ئاماژەیشی دا كە "شەش مانگە نەوتی كەركووك هەناردەی دەەرەوە نەكراوە و یەك دینار پارەی پترۆدۆلاریان وەرنەگرتووە، بۆیە خەڵكی كەركووك بە هیچ شێوەیەك نیگەران نییە ئەو كێڵگانە بكەونە دەست هەرێمی كوردستان و لە قازانجی ئەواندایە ئەو نەوتە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمەوە رەوانەی دەرەوە بكرێت".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار