د. شێركۆ جەودەت: بەرانبەر سکاڵاکەی دانەغاز، هەموو رێكارە یاساییەكان دەگرینە بەر
__2014_07_13_h23m14s58__BA.jpg)
هەولێر-تایبەت بە KDP.info- سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان دەتوانێ دەربارەی ئەو بڕیارەی دادگا لە لەندەن کە سکاڵایەکی لە بەرژەوەندیی دانەغاز شکاندووەتەوە، تانەی لێ بدات و تەمییزی بكاتە و "هەموو رێكارە یاساییەكانیش دەگرینە بەر."
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بردنەوەی سكاڵایەك لەسەر هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای دانەغاز كە لە لەندەن تۆماری كردبوو و تێیدا داوای بڕێك پارەی كردبوو، لە بەرامبەردا سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتەین و داوای وردەكاریمان لەو كۆمپانیایە كردووە."
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (د. شێركۆ جەودەت) بە kdp.infoـی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو سكاڵایەیە و لەبەر ئەوەی وەزیری سامانە سرووشتییەكان لە دەرەوەی وڵاتە داوامان لە دانەغاز كردووە بە راپۆرتێك وردەكاریی تەواومان پێ بدەن بۆ ئەوەی گوێ لە هەردوو لایەن بگرین."
(د. شێركۆ) زیاتر گوتی كە كۆمپانیایی دانەغاز ئێستایش لە هەرێمی كوردستانن و گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ هەرێم هەیە و لە سكاڵاكەیاندا داوای چەند ملیۆن دۆلارێكیان كردووە.
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "هەرێمی كوردستان دەتوانێ تانەی لێ بدات و تەمییزی بكاتە و هەموو رێكارە یاساییەكان دەگرینە بەر."
بڵند ئیبراهیم




