٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانەقینییەكان لە دژی سیاسەتەكانی مالیكی مانگرتنێكی كراوەیان ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دەرهەق بە هەڵسوكەوتی میلیشیا شیعەكان لە بەرانبەر هاووڵاتیانی كورد لە رێگەی نێوان خانەقین - بەغدا و ئەو گەمارۆ ئابوورییەی كە لەلایەن بەغداوە بەسەر شارەكەیان و هەرێمی كوردستاندا سەپێنراوە، ماوەی دوو رۆژە ژمارەیەك هاووڵاتیی خانەقین و لیژنەی بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی ئەو شارە دەستیان بە مانگرتنێكی كراوە كردووە و رێگەی نێودەوڵەتیی نێوان ئێران و عێراقیان داخستووە.

لەم بارەیەوە (عەلی خانەقینی)ـی هاووڵاتی بە KDP.infoـی گوت: "پێش چەند رۆژێك كاتێك لە بەغداوە بۆ خانەقین دەگەڕامەوە، لە لایەن ژمارەیەك چەكداری عەسائیبی شیعە لە نێوان مەندەلی و زرباتییە رێگەیان پێ گرتم و دەستیان بە جنێودان بە كورد كرد و دوای سوكایەتی و قسەی ناشیرین، سەرجەم سەرنشینەكانیان دابەزاند و هەڕەشەیان لێ كردم و گوتیان جارێكی دیكە بەو رێگەیەدا هاتوچۆ بكەیت دەتكوژین".

شوفێرێكی تەكسی كە بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەكات، بەم شێوەیە باسی رەوشەكەی كرد: "پێش دوو رۆژ، سێ سەرنشینم پێ بوو لەبەر ئەوەی رێگەی خانەقین - بەغدا كە بە شاری بەعقوبەدا تێپەڕ دەبێت، ئێستا بە هۆی شەڕ لە دیالە ئەو هێڵە نەماوە، بۆیە ماوەیەكە بە قەزای مەندەلیدا هاتوچۆ دەكەین، كاتێك گەیشتم بە بازگەی مەندەلی لەلایەن چەند چەكدارێكی هێزەكانی بەدر رایانگرتین و من و سەرنشینەكانیان داگرت، هەروەها بە سێ كەس لێیاندام و گوتیان ئێوە كوردن و هەمووتان تیرۆریستن، جارێكی دیكەیش نەیەنەوە بۆ بەغدا ئەگینا دەتانكوژین، پاشان بە جنێودان رەوانەیان كردین".

هاوكات (ئازاد جاف)ـی هاووڵاتی كە یەكێك بوو لە مانگرتووان دەڵێت: "زیاتر لە دوو مانگە ئێمە لە خانەقین بێ مووچەین و ئێستایش هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی (مالیكی) رێگەیان لە هاتنەناوەوەی خۆراك و بەنزین و دەرمان بۆ ناو خانەقین گرتووە، بۆیە داواكارین بە زووترین كات ئەم كێشەیەی خانەقین چارە بكرێت".

لە دوای رووداوەكانی مووسڵ لە 10ـی حوزەیرانی رابردوودا میلیشیایە شیعەكانی عێراق بە ئاشكرا دەستیان بە گرتن و كوشتنی هاووڵاتیانی كورد لە بەغدا و ناوچەكانی خوارووی عێراق كردووە.

دڵشاد حوسێن

هەواڵی پەیوەندیدار