پارێزگای هەولێر رەتی دەكاتەوە رەوشی ئاوارەكان خراپ بێت

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- رێکخەری نێوان پارێزگا و یوئێن بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، ھەموو پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین کراوە و ھاوکاریی باشیان دەکرێت و ھیچ کێشەیەکیان نییە.
رێکخەری نێوان پارێزگای ھەولێر و یوئێن(ڤیان رەشید) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە ناو کەمپی بەحرکە، رێکخراوی یوئێن لەگەڵ رێکخراوی دەزگای بارزانی ھەن و ئاوارەکان ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین دەکرێت، هەر لە خواردن و خواردنەوە بگرە تا بە دەگات بە کارەبا و نەخۆشخانەی و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، بۆیە ھەر پێداویستییەکی ھەیانبێت بۆیان دابین دەکرێت و ھیچ کێشەیەکیان نییە."
(ڤیان رەشید)روونیشی کردەوە، "ژمارەی ئاوارەکان لە پارێزگای ھەولێر بەردەوام لە زیادبووندایە و دوێنێیش نزیکەی حەوتھەزار ئاوارەی دیکە ھاتوونەتە هەولێر، کە لە کەمپی بەحرکە نیشتەجێ کراون و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستییان بۆ دابین کراوە، ھەرکاتێک ئاوارەکان دەگەنە لای ئێمە لە ماوەی تەنیا سەعاتێکدا پێداویستییان بۆ دابین دەکرێت."
(رەشید ) گوتیشی: "ئەو ئاوارانەی دێنە ھەرێمی کوردستان، کاتییە و ھەیە تەنھا شەوێک دەمینێتە و دەڕۆن، بۆیە ئەوانە زۆر نامینێنەوە لەو شونانە و بەردەوام ئاوارەی نوێمان بۆ دێت."
ئەو راشیگەیاند: "بەھیچ شێوەیەک زۆری لە ھیچ ئاوارەیەک نەکراوە لە ھەرێم بڕۆن، بەڵکو زۆرینەیان ماوەیەکی کەم دەمینێنەوە و دەڕۆن و، لە دوێنێیشەوە دوو وەجبە لەسەر خواستی خۆیان و بەبێ ئەوەی ھیچ کەس گوشاریان لەسەر دروست بکات، بەرەو نەجەف رۆیشتوون، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ھەموو پێداویستییێکیشمان بۆیان دابین کردوون."
شیاوی باسە ماڵپەڕی سۆمەرییە نیوز، لە زاری سەرۆکی گشتیی مانگی سووری عێراقییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە، پارێزگای هەولێر لە گەیاندنی کۆمەک بە 5000 هەزار ئاوارە لە کەمپی بەحرکە ڕێگری دەکات.
ئەم هەواڵەیش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند جار جەختی کردووەتە کە بۆ دابینکردنی کۆی پێداویستییەکانی ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارەکان، هەرێم پێویستی بە کۆمەکی بەغدا و نێودەوڵەتییش هەیە، بەڵام ەبغدا بە هیچ شێوەیەک هەوڵی نەداوە کۆمەکی ئەو پەنابەرانە بکات کە بە هۆی دۆخی شەڕ و قەیراناویی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت هەولێر کردووە.
بڵند ئیبراھیم




