ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران ڕانەگیراوە

حاجی ئۆمەران- KDP.info- بەڕێوەبەری خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران دەڵێت، بە هیچ شێوەیەك ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا رانەگیراوە و هیچ گۆڕانكارییەكیش بەسەر قەبارەی بازرگانییەكەدا نەهاتووە.
بەڕێوەبەری خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران (مەسعوود ئەحمەد) تایبەت بە kdp.infoرایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێران راگیراوە، راست نین و بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران بەردەوامە و بە هیچ شێوەیەك رانەگیراوە".
سەبارەت بە كاریگەریی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق لەسەر قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران، (مەسعوود ئەحمەد) گوتی: "قەبارە بازرگانیی نێوان هەرێم و ئێران گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە و وەك خۆیەتی، چونكە ئەو بارانەی لە ئێران دێن زیاتر دێنە هەرێمی كوردستان و زۆر بە كەمی دەچنە پارێزگاكانی دیكەی عێراق".
ڕوونیشی كردەوە كە جارێ نازانن رێژەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا چەند زیادی كردووە، چونكە ئەوان شەش مانگ جارێك ئامارەكان رادەگەیەنن.
بڵند ئیبراهیم




