ڕیفراندۆم چارەنووسی یەكلا دەكاتەوە.. هەرێمی كوردستان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە

برۆكسل-KDP.info- نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەورووپا لە برۆكسل ئەنجام دا و لە كۆبوونەوەكانیشدا ڕاگەیەندرا كە هەرێمی كوردستان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و خەڵكی كوردستانیش لە ڕیفراندۆمێكدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
لە درێژەی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا بە مەبەستی شیكردنەوەی بارودۆخی ئێستای عێراق و گەیاندنی پەیامی هەرێمی كوردستان بە ناوەندە سیاسییەكانی یەكیەتیی ئەورووپا، هەفتەی ڕابردوو نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر ئاژگەیی) بە یاوەریی شاندێكی نوێنەرایەتی، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەورووپا ئەنجامدا.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆكسل، لەگەڵ پەرلەمانتار خاتوو (سكا كێلەر) كە هاوسەرۆكی فراكسیۆنی سەوزەكانە لە پەرلەمانی ئەورووپا، كۆ بووەوە و لە دانیشتنێكدا باس لە هەلومەرجی ئێستای عێراق كرا و واقیعی نوێی عێراق بۆ لایەنی بەرامبەر شی كرایەوە.
خاتوو (كێلەر) ڕایگەیاند كە پەرلەمانی ئەورووپا لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخەكە دەكات و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر سەركەوتنەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش ڕاگەیاند و هیوای خواست كە عێراق هەرچی زووە لەو قەیرانە تێپەڕێ كە تێیی كەوتووە. شاندی حكوومەتی هەرێمیش پەیامی كوردستانیان گەیاندە فراكسیۆنی سەوزەكان و ڕایانگەیاند كە گەلی كوردستان هاوكار دەبێ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و پێكهاتنی لایەنەكان، بەڵام لە هەمان كاتدا هەرێمی كوردستان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و خەڵكی كوردستان لە ڕیفراندۆمێكدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات. هەر لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا داوا كرا كە یەكیەتیی ئەورووپا شاندی چاودێری خۆیان ڕەوانەی كوردستان بكەن.
لە لایەكی دیكەوە و هەمان ڕۆژ، (دلاوەر ئاژگەیی) لەگەڵ ڕێكخەری فراكسیۆنی سۆسیال دیموكراتەكان لە پەرلەمانی ئەورووپا خاتوو (ئانا گۆمێز) كۆ بووەوە و لە میانەی دانیشتنێكدا باس لە ڕەوشی هەنووكەیی كرا و هەروەها ئەو پرۆژەبڕیارە تاوتوو كرا كە وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی ئەورووپا لە ستراسبورگ دەریبكات.
نوێنەری حكوومەتی هەرێم هیوای خواست كە پرۆژەبڕیارەكە ڕەنگدەرەوەی واقیعی ئێستای عێراق بێ و هیج بەندێك لە خۆ نەگرێ كە ببێتە لەمپەر لە بەردەم خواستی پێكهاتەكاندا.
هاوكات شاندەكەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە یەكیەتیی ئەورووپا، لەگەڵ پەرلەمانتار (كریستیان كۆڤاچی) كۆ بووەوە كە ناوبراو ڕێكخەری سیاسەتی دەرەوەی گرووپی پارتە دیموكراتخوازە مەسیحییەكانە كە مەزنترین كوتلەی پەرلەمانی ئەورووپایە و لە دیدارێكیشدا پەیامی خەڵك و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان خرایە بەردەست فراكسیۆنی پارتە مەسیحییەكان و ڕاگەیەنرا كە هەرێمی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ئەنجام دەدا و داوا كرا كە یەكیەتیی ئەورووپا بە گشتی و پەرلەمانی ئەورووپا بە تایبەتی پشتیوانی لە خواستی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان بكەن و هەروەها شاندی تایبەت بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە ڕەوانە بكەن.
جێی باسە، هەمان ڕۆژ لە پەرلەمانی ئەورووپا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پەرلەمانتاری بەئەزموون (باستیان بیلدەر) كۆ بووەوە كە تێیدا باس لە پشتگیریی هەموو لایەنە ئەورووپاییەكان بۆ گەل و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان كرا لەو هەنگاوانەدا كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەیگرێتە بەر و وردەكاریی میكانیزمی ئەو هاوكارییە تاوتوو كرا كە لە داهاتوویەكی نزیكدا هەنگاوی تایبەت بە بەهێزكردن و پشتگیری بۆ كوردستان دەهاویشترێت.




