٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد ئیحسان: دەبێ ئەو ناوچانەیشی ماون، کۆنترۆڵ بکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info
بەرپرسي پێشووي ناوچە کوردستانييەکاني دەرەوەي هەرێمي کوردستان (محەممەد ئيحسان)

هەولێر-KDP.info-  دەربارەی سنووری فیعلیی هەرێمی کوردستان و ئەو سنوورەی کە ئێستا خەندەقی بە دەوردا لێ دەدرێ، بەرپرسی پێشووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوتی: "بە ڕای من کاتییە، چونکە هێشتا زۆر ناوچەی هەرێم ماون بگەرێندرێنەوە، دەبێ کار لەسەر ئەوە بکرێ، کە ئەو ناوچانەی  ماددەی 140ی دەستوور دەیانگرێتەوە کۆنترۆڵ بکرێنەوە. "

بەرپرسی پێشووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان (محەممەد ئیحسان) لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماددەی سەد و چلی دەستووری عێراق زۆربەی برگەکانی جێبەجێ کراوە ئەوەی ماوە، دوابریاردانە لەسەر ئەو ناوچانە، ئەویش کارکردنە لە پێناو سازکردنی ریفراندۆم بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی بەغدا. لە کاتێکدا ئەگەر بەغدا رازی نەبوو، دەکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی ئەو ریفراندۆمە بکا، دەرفەت دروست بووە تا ئەو ناوچانە بەپێی دەستووری عیراق بگەرێنەوە، کورد دەمێکە چاوەڕوانە، نابێ خەم سارد بین لە سازکردنی ریفراندۆم."

(ئیحسان) لەبارەی ئەو رووداوانەی عێراق کە ئایا بە قازانج یان زیانی كوردن، گوتی: "قۆناغەکە مەترسیدارە، چاوەڕوانی هەموو شتێک دەکرێ. ئێستا کورد دوو رێگای هاتۆتە پێش یان ئەوەتا دەبێ خۆی ئامادە بکا، بەرگەی هەموو ناخۆشییەکان سەر رێگای بۆ سەربەخۆیی بگرێ، یان جارێکی دیکە دەبێ بگەرێنەوە ژێر سێبەری بەغدا و هەمان ئەو کێشانەی هەمانبووە، دیسان بەشێوه‌یه‌كی دیكه‌ و دووبارە بێتەوە، من لەگەڵ ئەوەی یەکەمم، پێم باشە گەلی کوردستان بڕیار بۆ سەربەخۆیی بدا."

سەبارەت بە سنووری فعلیی هەرێمی کوردستان کە بەشیكی ناوچە کێشەلەسەرەکان هێشتا لەدەستی چەکدارانە، بەرپرسی پێشووی ئەو ناوچانە گوتی: "بە ڕای من ئەو سنوورەی کە ئێستا خەندەقی بە دەوری لێ دەدرێ، کاتییە، بە هیچ شێوەیەک هەموو سنووری هەرێم نییە، هێشتا زۆر ناوچەی هەرێم ماون بگەرێندرێنەوە، دەبێ کار لەسەر ئەوە بکرێ، کە ئەو ناوچانەی  ماددەی 140ی دەستوور دەیانگرێتەوە کۆنترۆڵ بکرێنەوە. دەبێ ئەوە بزانرێ کە لە 2005 وە تارووداوەکانی مووسڵ حکوومـەتی عێراق 177 ملیار دۆلاری  لە بواری سەربازی سەرف کردووە کەچی سوپاکەی ئەو ناوچانەی جێ هێشت، لێرە ئەوە دەردەکەوێ کە بەغدا دەستی شوشتووەتەوە لەو ناوچانەی کە پێیان دەگوترێ ناوچەکانی ماددەی 140 کێشەلەسەر و نایەوێت لەژێر کۆنترۆڵی بێ، ئەگەر نا پێویست بوو لەچەکدارانی بیپارێزێ."

لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی کورد سوورە لەسەر لابردنی (مالیکی)، (محەممەد ئیحسان) گوتی: "کێشەی کورد لەگەڵ (نووری مالیکی) نییە. بەڵکو بە بۆچوونی من کێشەی کورد لەگەڵ سیستەمی حکومڕانییە لە عێراق، لە پێشوودا کورد کێشەی لەگەڵ (ئیبراهیم جەعفەری) و هەموو ئەو کەسانە هەبووە کە حکومڕانی عێراقیان کردووە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی عیراقەوە تا ئەمرۆ کێشەی کورد و دەسەڵاتداری بەغدا هەبووە، کێشەکە لە سیستەمە، بۆیە وای دەبینم کە رەنگە  (مالیکی) بڕوات دوای ئەو کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، بۆ کورد لە(مالیکی) خراپتر بێ. بەڵام (مالیکی) خۆی کردووەتە ئامانج و زیاتر دەنگی خۆی بەرز کردووەتەوە و هەموو ئەوانەی هاوپەیمانی بوون کردوویەتی بە دوژمنی خۆی."

(ئیحسان) دەربارەی مفی سەربەخۆیی گوتی: "له‌لای ئەمەریکا مافی چارەنووسین هێڵی سوورە. نەک ته‌نا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ گشت وڵاتانی جیهان. ئەمەریکا تەنانەت دژی دابووشبوونی چەند وڵاتێک بوو لە رووسیا وەک ئۆکراینا کە ئێستا بەرگرییان لێ دەکا، هۆکارەکەش بۆ ئەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە ژمارەی وڵاتەکان چەندە زیاتر بێت، ئەوەندەش بەرژەوەندیی ئەمەریکا کەمتر دەبێ و نەیارانی زیاتر دەبێ. پێم وایە دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ  هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا هەڵوێستی دەگۆڕێ. لەنێوان هەڵبژاردەی داعش و شیعە پشتگیری لە هەرێم دەکا."

(محەممەد ئیحسان) سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیایش له‌ سەربەخۆیی کوردستان گوتی: "تورکیا پێشتر بە چاوی پەکەکە سەیری هەرێمی کوردستانی دەکرد و وای دەزانی هەموو کورد پەکەکەیە، بەڵام دوای ئەوەی ئاکپارتی دەسەڵاتی وەرگرت، ئەو بۆچوونە گۆڕا و ئیستا حکوومەتی تورکیا بەرچاوی روونە، دەزانێ کە هەموو کورد پەکەکە نییە و لە دەرەوەی پەکەکە هەرێمی کوردستان هەیە کە تەواو لەگەڵ پەکەکە جیاوازە و دەتوانێ لەگەڵ ئەو هەرێمە مامه‌ڵه‌ بكات تەنانەت ئەگەر ببێتە دەوڵەتیش قازانجی بۆ هەردوو گەلی کورد و تورک هەبێ، سوودی ئابووری و ئەمنی بۆ هەردوولا دەگەرێتەوە. ئێستا حکوومەتی تورکیا ژیرانە مامەڵە دەکا، دڵنیایە لەوەی کە دەبێتە دەروازەیەک بۆ باشتربوونی تورکیا لە رووی ئابووری و سیاسی و تەنانەت ئەمنیشه‌وه‌. ئانکارا شانبەشانی بەغدا و تاران بۆ پشتگیری لە بەدەوڵەتبوونی هەرێم گرینگە، ئێستا لە دوای بەغدا رەزامەندی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان لە تاران واشنتون پێوسیتترە. تورکیا بۆ هەرێم ده‌وڵه‌تێکی گرینگە."

 

هەواڵی پەیوەندیدار