٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەیان سامی عەبدولڕەحمان: گەلی كورد مافی خۆیەتی بڕیار لە دواڕۆژی خۆی بدات

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info- لە دوو دانیشتنی جیادا لەگەڵ گرووپی كوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و تیمی كاروباری دەرەوەی حكوومەتی سێبەری ئەو وڵاتە كە لە پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن پێك دێت، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا خاتوو (بەیان سامی عەبدولڕەحمان)، باسی لە دواپێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و كوردستان كرد و ڕایگەیاند: "گەلی كورد مافی خۆیەتی بڕیار لە دواڕۆژی خۆی بدات و نابێت لەو مافەی بێبەش بكرێت".

لەو دوو دانیشتنەدا كە بەڕێوەبەری كاروباری سیاسی لە نوێنەرایەتی (خەسرۆ ئاژگەیی) ئامادەی بوو، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "گەلی كورد مافی خۆیەتی بڕیار لە دواڕۆژی خۆی بدات و نابێت لەو مافەی بێبەش بكرێت". (بەیان سامی) هەروەها ڕوونی كردەوە كە كوردستانێكی سەربەخۆ هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر وڵاتانی دەوروبەر نابێت، بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆكاری سەقامگیرتركردنی بارودۆخی ناوچەكە.

گوتیشی: "سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان چەندین جار هۆشداریی داوەتە حكوومەتی بەغدا لەمەڕ هەڕەشەكانی داعش و چەكدارە توندڕەوەكان، بەڵام بەغدا تەنیا ئەوەیشی ڕەت كردۆتەوە كە گوێمان لێ بگرێت".

دەشڵێت: "سوپای عێراق ئێستا تەنیا سوپای یەك تایەفەی عێراقە، لەم دواییانەدا كورد كەمتر لە 2% ـی ئەم سوپایەی پێك دەهێنا. پێشمەرگە دەبووایە تەوای ئەو شوێنانە پڕ بكاتەوە كە لە لایەن سوپای عێراقەوە بەجێ هێڵدران، ئەگەر نا دەبوونە داڵدەی تیرۆریستان. پێشمەرگەی كوردستانیش ناوچە كوردستانییەكان جۆڵ ناكاتەوە."

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا هەروەها ئاماژەی دا كە سوپای عێراق مومكین نییە بتوانێت بە تەنیا ئەو ناوچانەی كە لە دەستی داوە، بگرێتەوە و چارەسەری تەنگژەی عێراق سیاسییە بەر لەوەی سەربازی بێت. پێویستیشە حكوومەتێكی شەڕاكەی نیشتیمانی ڕاستەقینە لە عێراق پێكبێت و ئەو وڵاتە بگەڕێندرێتەوە سەر ئەو ڕێڕەوەی كە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بۆی دیاری كراوە.

(بەیان سامی عەبدولڕەحمان) ئەوەیشی خستە ڕوو كە "داعش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر هەموو لایەك لە ناوچەكە و پێویستە ڕووبەڕووی ببنەوە، بەڵام لە هامەن كاتدا دەبێت چارەسەرێكی سیاسی بۆ بارودۆخی عێراق ببینرێتەوە، چونكە پرسەكە تەنیا سەربازی و ئەمنی نییە".

ئەو هەروەها لە لایەكی ترەوە ئاماژەی بە تەنگژەی پەنابەران دا لە هەرێمی كوردستان و گوتی: "پێشووتر زیاتر لە 300 هەزار پەنابەری سووریا لە هەرێم نیشتەجێ بوون، دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی ئێستای عێراقیش سەدەها هەزار پەنابەری تر ڕوویان لە هەرێم كردووە. ئەوەیش بووەتە هۆی پاڵەپەستیەكی زیاتر لەسەر حكوومەتی هەرێم كە ئەستەمە بتواندرێت بە بێ هاریكاری مرۆیی نێودەوڵەتی ئەو كارە ئەنجام بدەین بە تایبەت كە بودجەی هەرێمی كوردستان لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە لە لایەن بەغداوە بڕدراوە".

 داوایشی لە هەموو لایەك كرد كە كاریگەریی خۆیان بەگەڕ بخەن لەگەڵ لایەنە حكوومی و ڕێكخراوە مرۆییەكاندا بۆ پێشكەشكردنی هاریكاریی مرۆیی بۆ ئەو پەنابەرانە.

گرووپی كوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا لەم دواییانەدا سەر‌دانی كوردستانیان كرد و شاری كەركووك و كامپی پەنابەرانیان بەسەر كردەوە و چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسی و حكوومەتی هەرێم ئەنجام دا. لە دوای گەڕانەوەی شاندەكەیش بۆ بەریتانیا ڕاپۆڕتێكی تێر و تەسەلیان پێشكەش بە سەرۆكوەزیران و حكوومەت و میدیای ئەو وڵاتە كرد كە تێیدا ڕاستییەكانی بارودۆخی ناوچەكەیان بۆ هەموو لایەك شی كردەوە. لە هەمان كاتیشدا دۆستانی كوردستان لە پەرلەمانتاران و لۆردەكانی بەریتانیا لە دیدار و كۆبوونەوەكانیان و لە چاوپێكەوتنە ڕۆژنامەوانەكانیاندا جەختیان لە دەربڕینی پشتگیریی بۆ كوردستان و دڵەڕاوكێی خۆیان بە تەنگژەی عێراق دووپات كردەوە. هەروەها چەندین پرسیاریش لە لایەن پەرلەمانتارانەوە پێشكەش بە پەرلەمان كراوە لەسەر بارودۆخی كوردستان و عێراق و داوای گفتوگۆیان لەسەر كراوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار