٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەغدا ئاسمانەڕێی لە هەرێم بەرتەسک کردەوە

سەرچاوە: KDP.info
بەرێوبەري فڕگەي نێودەوڵەتيي ھەولێر(تەلار فايەق)

ھەولێر-تایبەت بە –KDP.info-  بەرێوبەری فڕگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر دەڵێت، بە بڕیاری بەغدا ھەموو فڕۆکە بارھەڵگرەکان بۆ ھەردوو فڕگەی ھەولێر و سلێمانی بۆ کاتێکی نادیار قەدەخە کراون، بەبێ ئەوەی لە بڕیارەکە ئاگادار بکرێنەوە و ھۆکارەکەیشی ئاشکرا بکەن.

بەرێوبەری فڕگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر(تەلار فایەق)، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوێنێ ھەواڵی ئەوەمان بیست لەلایەن فڕۆکە بارھەڵگرەکانەوە کە قەدەخەکراون بێن بۆ ھەردوو فڕگەی ھەولێر و سلێمانی و ئێمە ئاگادار نەکراینەوە لەو فەرمانە، کەچی نامەمان لە چەند کۆمپانیایەک بۆ ھات کە ناتوانن ئیدی بێنە ھەولێر"، زیاتر گوتی "ھەوڵی زۆرمان دا راستییەکە بزانین لەگەڵ بەغد،ا وەڵامیان  نەداینەوە، دواتر چەند فەرمانبەرێک باسیان لەوە کرد کە فەرمانیان پێ کراوە و ئەو فەرمانەیش بۆ ھەموو بارھەڵگرەئاسمانییەکان بووە."

(تەلار فایەق) گوتیشی: "لە 10-ی ئەم مانگەوە مۆڵەتی ھەموو بارھەڵگرەکانیان بۆ ھەردوو فڕگەی ھەولێر و سلێمانی ھەڵوەشاندووەتەوە و ناشزانرێت کەی مۆڵەت دەدرێتەوە"، وەک ئەو دەڵێت  بڕیار بووە ئەمڕۆ پێنجشەممە، باریان بۆ بێت، کەچی نەھاتووە و "خۆیشم نووسراوەکەم بینیووە کە ھاتنی بارھەڵگر قەدەخە کراوە."

 بەرێوبەری فڕگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر هاوکات ڕایگەیاند: "رێگەی دیکەمان ھەیە بۆ ھاوردەکرنی بار بۆ ھەردوو فڕگەی ھەولێر و سلێمانی، بەڵام نەک ھەموو بارەکان، کە ئەمە جاری یەکەم نییە بەغدا دەیکات و چەندین جار دووبارەی کردووەتەوە."

(فایەق) ئەوەشی ڕوون کردەوە، "بەپێی ئەو پلانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داینابوو، ئێمە تووشی قەیرانی سووتەمەنی نەبووینەوە و بگرە رێژەی گەشتیارانیش زیادی کردووە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار