زانا ڕۆستایی: (مالیكی) و داوردەستەكەی لە دواقۆناخەكانی سیاسیی خۆیاندان.. پێویستە كورد بایکۆتیان بکات

بەغدا -تایبەت بە KDP.info- پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق(زانا ڕۆستایی) دەڵێت، (مالیكی) و داوردەستەكەی لە دواقۆناخەكانی سیاسیی خۆیاندان و ئەمەیش نیشانەی هەرەسی دەوڵەتی عێراقە. باوەڕیشی وایە، ئەستەمە كار لەگەڵ ئەم جۆرە عەقڵییەتە بكرێت و پێویستە لە كەمترین كاردانەوەدا كورد خۆی یەكلا بكاتەوە و بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە پرۆسەیەكی سیاسیدا نەكات كە (مالیكی) سەرپەرشتیی بكات.
دوێنێ سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا باسی لەوە كرد كە هەولێر بووەتە مۆڵگەی كۆبوونەوەی چەكدارانی داعش و گرووپە توندڕۆكان. لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: "پێویستە لە كەمترین كاردانەوەدا كورد خۆی یەكلا بكاتەوە و بەشداری لە هیچ پرۆسەیەكی سیاسیدا نەكات كە (مالیكی) سەرپەرشتیی بكات."
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی (زانا ڕۆستایی)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "ئەوەی (نووری مالیكی) و دەوڵەتی یاسا دەریدەبڕن، زۆر لەوە كەمترە كە لەناخیاندایە لە رق و كینە بەرامبەر بە كورد و هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە ئەم هەڕەشانە بەهەند وەربگیرێن و ببنە مایەی پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتیمانی و یەكگوتاریی كورد بەرامبەر بەغدا."
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەیشی دا، (مالیكی) و داوردەستەكەی لە دواقۆناخەكانی سیاسیی خۆیاندان و ئەمەیش نیشانەی هەرەسی دەوڵەتی عێراقە.
(ڕۆستایی) پێشی وایە ئەستەمە كار لەگەڵ ئەم جۆرە عەقڵییەتە بكرێت و پێویستە لە كەمترین كاردانەوەدا كورد خۆی یەكلا بكاتەوە و بە هیچ شێوەیەك بەشداری لە پرۆسەیەكی سیاسیدا نەكات كە (مالیكی) سەرپەرشتیی بكات.
ئەوەیشی خستە ڕوو، ڕەوا نییە لەم بارودۆخەدا پەرلەمانتارانی كورد بەشداری لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بكەن.
ئەو زیاتر ڕوونی كردەوە: "ئێمە كە دەچینە بەغدا كەس باس لەوە ناكات نوێنەری كام لایەنین، بەڵكو دەڵێن نوێنەری كوردن، بۆیە پێویستە بە هیچ شێوەیەك درزێك یاخود كەلێنێك لە گوتاری سیاسیی كورددا نەبیندرێت."
بڵند ئیبراهیم




