٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی پەرلەمان: عێراق پێشەنگی وڵاتە فاشیلەكانی دونیایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "لە سەرەتای ئازادیی عێراقەوە كورد كە بەشداریی دروستكردن و بونیادنانی حكوومەتی نوێی عێراقی كرد، بۆ ئەوە بوو لە عێراقێكی فیدڕاڵی ئارەزوومەندانەدا بژین و مافە نەتەوایەتییەكانمان پارێزراو بێت، بەڵام عێراق وا دەرنەچوو، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق لە واقیعی نوێی عێراق نەگەیشتبوون، هەر بۆیە عێراق بەم بارودۆخە گەیشت". دەشڵێت: "ئێستا عێراق لە ڕووی ئاساییش و ئارامی و پێكەوەژیان و خزمەتگوزارییەكانەوە، پێشەنگی وڵاتە فاشیلەكانی دونیایە".

ئەم گوتانەی سەرۆكی پەرلەمان، لە میانەی پێشوازیكردنی بوو لە كۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان(كارمێلۆ فیكارا)، كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. یوسف محەممەد سادق) و جێگیری سەرۆكی پەرلەمان (د. جەعفەر ئێمینكی)ـیەوە پێشوازی كرا.

لە سەرەتای دیدارەكەدا، كۆنسووڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان،  خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان كوردستان و ئیتاڵیا دەربڕی، دواتر پرسیاری سەبارەت كار و دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد، بە تایبەتیش هاتنی سەرۆكی هەرێم  بۆ پەرلەمان و پرسی ڕاپرسی و دروستكردنی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و ستراتیژی كاركردنی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی كاركردنی پەرلەمانی كوردستانەوە گوتی: "لەم خولە نوێیەدا هەمو فڕاكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتی وەك یەك تیم كار دەكەین، كاركردنیشمان لەم خولەی پەرلەماندا  لەسەر سێ ئاستە، ئەوانیش درووستكردنی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، دەركردنی یاسایەك بۆ چۆنیەتیی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەركردنی یاسایەك بۆ پاراستنی مافی كەمینە نەتەوەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانیش".

لە بەرامبەردا كۆنسووڵی گشتیی ئیتاڵیا سوپاسی زانییارییەكانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كرد و هیوای خواست لە داهاتوویەكی نزیكدا پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمانی ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێش بچن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار