سەرۆكایەتیی هەرێم: لێدوانەكانی مالیكی بێبنەمان و تووشی هستریا بووە
__2014_07_09_h22m40s25__BA.jpg)
هەولێر–KDP.info- سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: "ئەو تۆمەتانەی (مالیكی) خستوونییەتە پاڵ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بێبنەمان و كە بیر لە ئەم قسانەیشی دەكەینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەم كەسە تووشی هیستریا بووە و هاوسەنگیی خۆی لە دەست داوە.”دەشڵێت: "هەولێر شوێنی داعش و خەڵكانی وەك داعش نییە، داعشەكان شوێنیان لای تۆیە، هەر تۆ بوویت خاكی عێراق و كەلوپەلی شەش فیرقەی سوپای عێراقت دایە دەستی داعش."
ئەمەیش دەقی لێدوانەكەیە:
لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی قسەكانی (نووری مالیكی)
ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 7ـی 2014 لە پەیامی هەفتانەی بەڕێز (مالیكی)ـدا گوێبیستی كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەما بووین كە خراوەتە پاڵ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان. كە بیر لە ئەم قسانەی (مالیكی) دەكەینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەم كەسە تووشی هیستریا بووە و هاوسەنگیی خۆی لە دەست داوە. هەموو هەوڵێكیشی بۆ ئەوەیە كە پاساو بۆ هەڵە و شكستەكانی خۆی بهێنێتەوە و ئۆباڵی فەشەلهێنانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵكی تر.
لێرەدا بە (نووری مالیكی) ڕادەگەیێنین، جێگەی شانازیی كوردستانیانە كە هەولێر هەمیشە پەناگەی هەموو خەڵكێكی ستەملێكراو بووە و پەناگەی تۆیش بووە كاتێك لە دەستی دیكتاتۆری پێشووی خۆت ڕات كردبوو و ئێستاكەیش خەڵك لە دەستی دیكتاتۆرییەتی تۆ هاتووەتە هەولێر. هەولێریش شوێنی داعش و خەڵكانی وەك داعش نییە، داعشەكان شوێنیان لای تۆیە. هەر تۆ بوویت خاكی عێراق و كەلوپەلی شەش فیرقەی سوپای عێراقت دایە دەستی داعش. جەنەڕاڵە كۆنە بەعسییەكانت لە دەوراوپشتی خۆت كۆ كردەوە و یەك كاتژمێریش بەرگرییان پێ نەكرا. ئێستاكە چۆن و بە چ ڕوویەك دێیت و لەسەر شاشەكان دەدوێیت. تەنیا ئەوەندەت پێ دەڵێین كە داوای لێبووردن لەگەلی عێراق بكە و كورسییەكەت جێ بهێڵە، چونكە وڵاتت وێران كردووە و ئەوەی وڵات وێران بكات نایشتوانێ لە قەیرانەكان ڕزگاری بكات.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
9ـی 7ـی 2014




