هەرێمی كوردستان كارەبا بۆ ناوچە كوردستانییەكان دابین دەكات

هەولێر -تایبەت بە KDP.info- بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ توانرا كارەبا بۆ چەند ناوچەیەكی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە سنووری پارێزگای مووسڵ دابین بكرێت.
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان (ئومێد ئەحمەد)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "پێشتر 40 مێگاوات كارەبا بە پارێزگای مووسڵ دەدرا و نەدەگەیشتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە سنووری ئەو پارێزگایە، بەڵام ئەمڕۆ توانرا ئەو كارەبایە بگوازرێتەوە بۆ شارۆچكەی حەمدانییە و تلكێف و شارەدێی بەعشیقە و بەرتلە و هەمان ئەو كارەبایەیشە كە پێشتر بە مووسڵ دەدرا".
لای خۆیەوە سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ)، بۆ kdp.infoگوتی: "ئێمە سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لە دوای ڕووداوەكانی مووسڵ بە بێ بەرامبەر هەموو هاوكارییەكی پێشكەش بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كردووە و هەروەها لە دابینكردنی ئەمنییەت و سووتەمەنی و كارەبا و هەر پێداویستییەك كە ئەو ناوچانە پێویستیان پێ بووبێ، درێخیی نەكردووە".
بڵند ئیبراهیم




